دەزگای هەواڵگریی سپای پاسداران، ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی خەرمانانی ١٤٠٥، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، سەبارەت بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان هۆشداری دا.
لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە شکستی «دوژمنانی ئێران» لە «هەوڵدان بۆ گۆڕینی حکوومەتی ئێران لە ڕێگەی هێرشی سەربازییەوە» کراوە و هاتووە: «نەیارانی کۆماری ئیسلامی خەریکی گۆڕینی ستراتیژیی خۆیانن.»
ئەم دامەزراوە سەربازی و ئەمنییە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە چالاککردنی قەیرانە ناوخۆیییەکان، شەڕی دەروونی، گوشاری ئابووری و ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان، تەوەرەکانی ئەم گۆڕانکارییەن لە ڕێکارەکاندا. دەزگای هەواڵگریی سپا لەم بەیاننامەیەدا سەبارەت بە زیادبوونی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەگەری خۆپیشاندانی شەقامەکان هۆشداری دا و ڕایگەیاند: نەیارانی کۆماری ئیسلامی تەرکیزیان خستووەتە سەر «تێکدانی سەقامگیری و کەمکردنەوەی خۆڕاگریی نیشتمانی» لە ڕێگەی «شەڕی مەعریفی و دروستکردنی ترس و تەمومژ».
ئەم دەزگایە هەروەها هەواڵی ئاشکراکردنی ئەوەی دا کە ناوی ناوە «پێکهاتەی نهێنی و تایبەتی» مۆساد، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، بۆ گوشارهێنان لە نێوخۆی ئێرانەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو پێکهاتەیە لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە گرووپە نەیارەکان، ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە و بەکارهێنانی کەسانی خۆجێییەوە چالاکییەکانی ئەنجام دەدات.