هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە سنووری شارۆچکەی سیدەکان، پەلاماری شوانێکی کوردیان دا و بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانیان لێ ئەستاند؛ تا ئەم ساتەش تەرمەکەی و سەدان سەر مەڕوماڵاتی لەژێر دەستی ئەو هێزانەدا ماونەتەوە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ میدیاکان وردەکاریی ڕووداوەکەی خستە ڕوو و ڕایگەیاند: «قوربانییەکە ناوی ڕێباز سلێمان هەرکییە، کە لەکاتی ئەرکەکەی وەک شوان لە سنووری شارۆچکەی سیدەکان سەرقاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵەکانی بووە، کەوتووەتە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی سوپای پاسداران.»
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هێزانە تەنیا بە کوشتنی ئەو گەنجە کۆتاییان بە تاوانەکە نەهێناوە، بەڵکو دەستیشیان بەسەر تەرمی قوربانییەکە و نزیکەی ٨٥٠ سەر مەڕوماڵاتەکەشیدا گرتووە و تا ئێستا ڕێگری لە گەڕانەوەیان بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، بەتایبەت لە سنووری سیدەکان و باڵەکایەتی، بوونەتە مەیدانی هەڕەشەی بەردەوامی سوپای پاسداران. دانیشتووانی ناوچەکە، کۆچەران و شوانان بەردەوام بەهۆی بوونی ئەو هێزانەوە لە مەترسیدان و ژیانیان لە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆدایە؛ ئەوەش نیگەرانی و تووڕەیییەکی زۆری لای خەڵکی ناوچەکە لێکەوتووەتەوە.