لە سایەی بەرپرسانی گەندەڵ و ناكارامەی ڕێژیم گۆلی ورمێ خەریكە بە تەواوی وشك دەبێت.
حوجەت جەباری، بەرپرسی پاراستنی ژینگەی ورمێ، ڕایگەیاندووە کە تەنیا توێژێکی ناسک لە ئاو لە باکووری گۆلەکە ماوەتەوە؛ توێژێک کە لە هەندێک شوێندا ٤ تا ٥ سانت ئەستوورە و ئیتر ناکرێ وەکوو ڕووبەری ئاو ناوی لێ ببردرێت.
ناوبراو هۆشداریی داوە کە بە درێژەکێشانی ڕەوتی هەنووکەیی، لە ماوەی ٥ یان ٦ ڕۆژی داهاتوودا، بەشی باکووریی گۆلەکە بە تەواوەتی وشک دەبێت.
ئەمە یەکەم جارە کە بەشی باکووری گۆلی ورمێ کە پێشتر لە ساڵەکانی قەیرانیشدا لانیکەم ٧٠٠ کیلۆمیتری دووجا ڕووبەری ئاوی هەبوو، تا ئەم ئاستە مەترسیی لەنێوچوونی لەسەر بێت.
لە کاتێکدا کە بەشی باشووریش دۆخیكی باشی نییە و قووڵایی ئاوەکەی لە نێوان ١٥ هەتا ٢٠ سانتدا خەمڵێندراوە، زەنگی مەترسی بۆ لەنێوبردنی گۆلەکە لێ دراوە.
هەروەها ڕایگەیاندووە: بە دریژەکێشانی ئەم ڕەوتە، گۆلی ورمی هەتا کۆتایی هاوین بە تەواوەتی وشک دەبێت، هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەم قۆناغە بەڵام مەودایەکی زۆترمان نەماوە.