دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری قوروە بە ناوەکانی «نەدا دەدەجانی» و «ستایش (بەهنوش) سەرابی»، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سزای قورس مەحکووم کران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، لقی ١٠٢ی دادگای قوروە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایش و ڕێسای گشتی»، هەر یەک لەم دوو هاووڵاتییەی بە یەک ساڵ زیندان، ٣١ لێدانی قامچی و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری نەیشەکەر لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان سزا داوە.
هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەدا، لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی قوروە بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆ»، حوکمی دوو ساڵ زیندانیی تری بۆ هەر کامیان دەرکردووە. بە لەبەرچاوگرتنی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سزای کۆتایی بۆ هەر یەک لەم دوو هاووڵاتییە بریتییە لە سێ ساڵ زیندان، ٣١ لێدانی قامچی و دوو ساڵ دوورخستنەوە. بەپێی ماددە یاساییە پەیوەندیدارەکان، بە کردەیی دوو ساڵ لەو سزای زیندانە بۆ هەر کام لەو دوو هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێت. جێگای ئاماژەیە کە ناوبراوان لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوون و لەو کاتەوە بەرەوڕووی گوشاری یاسایی و دادوەری بوونەتەوە.