سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی خەرمانان، لە ئەنجامی هەڵمەتێکی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر شوێنی خۆشاردنەوەی دوو برای کورد لە شارۆچکەی ئیسلامییەی سەر بە شاری مێهران لە پارێزگای ئیلام، تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە ڕووی دا و بەو هۆیەوە «موجتەبا باباخانی» گیانی لە دەست دا.
بەپێی زانیارییەکان، موجتەبا باباخانی و براکەی بە ناوی «شوجاع باباخانی» کە دوای بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕاوەدوو نرابوون، بە شێوەی نهێنی ژیانیان بەسەر دەبرد. هێزە حکوومەتییەکان لە هەڵمەتەکەدا توانییان شوێنی خۆشاردنەوەی ئەو دوو برایە دەستنیشان بکەن و گەمارۆی ماڵەکە بدەن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە میانەی ئەم تێکهەڵچوونەدا، شوجاع باباخانی توانیویەتی لە گەمارۆی هێزەکان ڕابکات و خۆی دەرباز بکات، بەڵام موجتەبا باباخانی کەوتبووە دەستی هێزەکانەوە. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا، بۆ ئەوەی نەکەوێتە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان، هەوڵی تەقاندنەوەی نارنجۆکێکی دەستی داوە کە لە ئاکامدا دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.
هەروەها ڕاگەیەندراوە کە لەو تەقینەوەیەدا، لانیکەم دوو کەس لە هێزە حکوومەتییەکان بە سەختی بریندار بوون و باری تەندروستییان نالەبارە.
جێگای ئاماژەیە، موجتەبا و شوجاع باباخانی لەو ناڕازییانە بوون کە لە دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، ناچار ببوون لە ترسی دەستبەسەرکران و سزای قورسی دادگاکان، بە شێوەیەکی نهێنی و لە پەناگەکاندا ژیان بەسەر بەرن.