فەرەنسا: لە ئەگەری ڕێكنەكەوتنی ئەتۆمی، میکانیزمی ماشە دژی کۆماری ئیسلامی تا کۆتایی مانگی ئووت چالاک دەکرێت.
لە درێژەی زیادبوونی گوشارە دیپلۆماسییەکان بۆ سەر ئێران، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند ئەگەر هیچ ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ تاران نەکرێت، ئەوا سێ وڵاتی ئەورووپیی ئەندام لە بەرجام _ فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا- تا کۆتایی مانگی ئووت(خەرمانان) میکانیزمی ماشە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چالاک دەکەن.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکكەوتننامەی ئەتۆمیی ٢٠١٥ (بەرجام) لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کاریگەر وەستاون.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا هەروەها هۆشداری داوە کە کات بۆ بەکارهێنانی ئەم میکانیزمە تەواو دەبێت و یەکێتیی ئەورووپا هێشتا خوازیاری گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێگای دیپلۆماسییە.