ڕەوتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شاری ئاودانان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە پەرەی سەندووە و لە نوێترین پێشهاتدا، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن ئەو هێزانەوە گیراون.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، «مەیسەم نەزەری» کە کارمەندی کەرتی تەندروستیی نەخۆشخانەی «رەسووڵی ئەکرەم»ی ئاودانانە، لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەیدا بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. هەروەها، ناسنامەی هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی «شەهرام جاویدان» پشتڕاست کرایەوە، کە ئەویش لە درێژەی هەمان هەڵمەتی سەرکوتکارانەی هێزە حکوومەتییەکاندا دەستبەسەر کراوە. بەمەش ژمارەی ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییەی ئاودانان کەوتوونەتە بەندینخانە، بۆ لانیکەم دە کەس بەرز بووەتەوە.
پێشتر و لە ڕەوتی سەرکوتکردنی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی سێشەممەدا، هێزە ئەمنییەکان هەشت هاووڵاتیی دیکەیان بە ناوەکانی: پەیمان کەریمزادە، ئارمین سولەیمانی، ئەسغەر ئەکبەری، بێهنام مورادی، سینا دەروێشی (منداڵی ١٥ ساڵان)، سەعید عەبدوڵڵاهی، ئیرەج حەیدەری و موحسین باویر دەستبەسەر کردبوو.
بەگوێرەی دوایین ئامار و زانیارییەکان، لەو کۆمەڵە دەستبەسەرکراوە، تەنیا دوو کەسیان بە ناوەکانی موحسین باویر و سینا دەروێشی بە دانانی بارمتە یان بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراون و چارەنووسی باقی دەستبەسەرکراوانی دیکە هێشتا نادیارە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە کەسوکاری دەستبەسەرکراوان بەردەوام نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ڕۆڵەکانیان دەردەبڕن و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسیان دەکەن.