ڕۆژی چوارشەممە، ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٥، هاووڵاتییەک بە ناوی «پەیمان مورادی»، خەڵکی شاری مەهاباد، پاش ئەوەی بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارە بانگ کرا، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، هێزە ئەمنییەکان چەند ڕۆژ پێش دەستبەسەرکردنەکەی، بەبێ بوونی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری یان ڕێگەپێدانی یاسایی، دەستیان بەسەر تەلەفۆنی مۆبایلی ناوبراودا گرتبوو.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە پەیمان مورادی بە بیانووی وەرگرتنەوەی مۆبایلەکەی بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنییە کراوە، بەڵام دوای ئامادەبوونی لەوێ، بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ بنەمایەکی یاسایی و بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە، دەستبەسەر کراوە.
تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکانی خراونەتە پاڵ ناوبراو، یان شوێنی ڕاگرتنەکەی لەبەردەستدا نییە و چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.