پێشەکی: ڕۆحێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
ڕۆحێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسووڕێتەوە، ڕۆحی کوردستانی گەورە.
هەموو هێزە کۆن و نوێیەکانی ناوچەکە، بۆ پێشگرتن و لەنێوبردنی ئەم ڕۆحە، پێکەوە یەکگرتووییەکی ناپیرۆزیان پێکهێناوە؛ هێزی داگیرکەر، گرێبەستە کۆلۆنیالیستییەکان، و ئەو سنوورانەی کە بە دەستی بێگانەکان نەخشێنراون.
ئەم ڕاستییە دوو ئاکامی هەیە؛
١- کوردستان، وەکوو "هێز" و "حەقیقەتێکی ڕەها" لەلایەن سەرجەم دەسەڵاتدارانی ناوچەکەوە بەفەرمی ناسێندراوە، تەنانەت ئەگەر ئەم بەفەرمیناسینە لە ڕێگای نکۆڵیکردن و سەرکوت کردنەوە بێت.
٢- کاتی ئەوە هاتووە کە کوردەکان، جیهانبینی، ئامانج و ڕوانگەیان ڕوو بە هەموو دنیا نیشان بدەن، و لە بەرانبەر ئەفسانە درۆیینەکاندا نکۆڵی لە ناسنامەی کوردستان دەکەن، مانیفێستی هەبوونی سیاسیی خۆیان جاڕ بدەن.
بەشی یەکەم؛ نەتەوە و مێژوو
مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مێژووی سەرکوت و نکۆڵیی نەتەوەکان بووە. بەڵام مێژووی ئێمە، مێژووی شۆڕشگیڕیی و خەبات لەپێناو "خاکێکی دابەشکراو" -ە.
کوردستان چەمکێکی خەیاڵی یان بیرەوەریی کۆمەڵێ خەڵک نییە؛ کوردستان حەقیقەتێکی ژیاری، جوگرافیایی و سیاسییە کە لەژێر چینە ئەستوورە دەستکردەکانی مێژوودا شاردراوەتەوە.
لە هەموو ئەو سەردەمانەدا، ڕۆحی کوردستان لە شاخ و پێدەشتەکان، بە زمانێکی هاوبەش، بە شێوەژیانێکی هاوچەشن و چارەنووسێکی وێکچوو، تاڵە نەبینراوەکانی نەتەوەی کوردیان لێک گرێداوە.
دەسەڵاتە داگیرکەرەکان هەموو هەوڵیان دا کە پێگەی نەتەوەی کورد بۆ "کەمینەیەکی ئێتنیکی" ، "هۆزە سنوورنشینەکان" یان "شارۆمەنی پلە دوو" دابەزێنن. بەڵام کۆمەڵگای مودێڕن و وشیاری کوردستان لە هەناوی ئەم کێشمەکێشەدا خۆی ڕاگرتووە و خۆی سەلماندووە. کۆمەڵگای کوردستان ئیتر کۆمەڵێک هۆزی پەرش و بڵاو نییە؛ بەڵکوو نەتەوەیەکە کە بە ئاگایی خۆی گەیشتووە و نەک خۆی بە بەشێک لە نەتەوەکانی دیکە نازانێ بەڵکوو خۆی بە چەشنی "یەکەیەکی گشتی" پێناسە دەکات.
گەورە هاوکێشەی ئەوڕۆ، دژایەتیی نێوان "مافی بنەڕەتیی سەروەری" و "سنوورە دەستکردەکان" -ه. نەتەوەی کورد سەلماندوویەتی هیچکات لە دەفری ئاسیمیلاسیۆنی دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا ناتوێتەوە. مانەوەی ئێمە، خۆی سەلمێنەری ڕەوابوونی ویستی سەروەریی ئێمەیە.
بەشی دووەم: کوردستان بە چەشنی یەکەیەکی سیاسی
ئێمە لەسەر ئەوە پێداگری دەکەین کە کوردستان یەکەیەکی سیاسیی هاوبەشە. دابەشبوونی ئەم جەستەیە بەسەر چوار وڵاتی داگیرکەردا، واقیعێکی داسەپێندراوی ئیداری و نیزامییە، نەک حەقیقەتێکی نەتەوەیی و مێژوویی. ئەو سنوورە دەستکردانە نەیانتوانیوە ڕۆحی کۆیی ئەم نەتەوەیە لەت لەت بکەن. دیاربەکر بەدەم خەمی هەڵەبجەوە دەگری، کرماشان لە کۆبانێ شەڕڤانە، جەژنی کۆماری کوردستان لە قامیشڵوو دەگیرێت و سنە پێشمەرگەی ئەیلوولە. ئەم پێوەندییە سۆزدارانە نەتەوەیی و سیاسییە بووەتە ژێرخانی ئایدیای دەوڵەت-نەتەوەی داهاتووی کوردستان.
ئامانجی هەمیشەیی و هەنووکەیی ئێمە، وەکوو هەموو نەتەوەیەکی ئازادیخواز لە مێژوودا ئەوەیە؛
١- پتەوکردنی بناخەی ئایدیای کوردستان و مافی سەروەری
٢- داماڵینی دەسەڵاتی سەپێندراو و داگیرکەر
٣- دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بەدەستی نەتەوەی کورد
تایبەتمەندیی بەرچاوی ئەم مانیفێستە لەوەدایە؛ ئێمە خوازیاری سەروەری بەسەر نەتەوەی غەیرەکورد نین، ئێمە خوازیاری "مافی سەربەخۆیی" یەکسان لەگەل ئەوانی دیکەین. ئێمە ڕایدەگەیەنین کە سەردەمی ژێردەستەیی کۆتایی هاتووە. نەتەوەیەکی دەیان ملیۆنی کە خاوەنی خاکێکی بەپیت و کولتورێکی لەمێژینە بێت، نابێت تاهەتایە بەبێ دەوڵەتی خۆی بمێنێتەوە.
بەشی سێیەم: هەڵوێستی ئێمە لە بەرانبەر جیهان
دوژمنانمان ئێمە بە جیاییخواز تۆمەتبار دەکەن. ئێمە لە وەڵامدا پێیان دەڵێین؛ ئێوە هۆکاری پارچە پارچەبوونن، ئێوە خاکی ئێمەتان دابەش کرد و ئێستا ئێمە خوازیاری بەیەکگەیشتنەوەی یەکێتیی سروشتیی و مێژوویی خۆمانین.
دوژمنان دەڵێن ئێمە تێکدەری ئاسایشی ناوچەکەین. ئێمە پێیان دەڵێین؛ ئاسایشێک لەسەر سەرکوت و سڕینەوەی نەتەوەیەکی ٧٠ ملیۆنی دامەزرابێت، ئاسایشێکی درۆیینە و ناسەقامگیرە. تەنها کاتێک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسایش و ئاشتی بەخۆیەوە دەبینێت کە "پرسی کوردستان" لە ڕێگای بەفەرمی ناسینی "مافی دیاریکردنی چارەنووس"ەوە چارەسەر بکرێت.
ئێمە ئاواتی دۆستایەتی لەگەڵ نەتەوە دراوسێکانمان هەیە، بەڵام نە وەکوو نەتەوەیەکی ژێردەست بەڵکوو بە چەشنی دوو دراوسێی یەکسان. دەوڵەتی کوردستان، نەتەنها مەترسییەک بۆ دراوسێکانی نییە، بەڵکوو بەستێنێک دەبێت بۆ دیمۆکراسی، پەرەپێدانی ئازادی و گەشەسەندنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەشی کۆتایی : دووایین وتە
کوردەکان بۆ ئەم ڕێڕەوی خەباتە، شتێکیان نییە بۆ لەدەستدان، بێجگە لە زنجیری نادیاری سنوورەکان و سەرکوتی مێژوویی.
ئێمە جیهانێکمان لەپێشە کە تێیدا وەکوو شارۆمەندێکی ئازاد لەسەر خاکی کوردستان بژین.
کاتی ئەوە بەسەر چووە کە چارەنووسی ئێمە لە پێتەختی وڵاتانی دیکە دیاری بکرێت. بناخەی ئێستای مێژوو لە دەستی خۆمانە.
کوردانی هەموو جیهان، یەک بگرن.