مەترسیی لەسێدارەدان و حوکمی قورس، ژیانی سەجاد وەیسی و شایان وەیسی، دوو گەنجی پەیڕەوانی ئاینی یارسانی لە کرماشان خستووەتە مەترسییەوە.
دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی پاش چوار مانگ بێسەروشوێنی و ئەشکەنجەدان لە زیندانی دیزڵاوا، تۆمەتی قورسی "موحاربە"ی بەپێی دانپێدانانی زۆرەملێ لەسەر ئەم دوو ئامۆزایە سەپاندووە و دۆسیەکەیانی رەوانەی دادگای شۆڕش کردووە.
شایان وەیسی لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا دەستبەسەر کراوە و سەجاد وەیسی کە برای دوو چالاکوانی کوژراوی یارسان (مەیسەم و موجتەبا ویسی)یە، لە ٣ی رەشەمەی ١٤٠٤ لە رێگای سەرپێڵ زەهاو دەستبەسەر کراوە.
ئێستا بنەماڵە و چالاکوانانی مافی مرۆڤ نیگەرانییەکی زۆریان لەم سیناریۆسازییە ئەمنییە هەیە کە ئامانج لێی قەرەبووکردنەوەی شکستی هێزە ئەمنییەکان و تۆڵەسەندنەوە لە بنەماڵەی دادخوازی وەیسیە.