محەممەد پەروازە، هاووڵاتیی کورد و خاوەن پێداویستیی تایبەت و خەڵکی مەریوان کە لە مانگی ڕابردووەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەكانی ڕێژیم دەستبەسەر کرابوو، بەم دواییانە ماوەی دەستبەسەر کرانەکەی بۆ مانگێکی دیکە درێژ کراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەنگاو، محەممەد پەروازە، تەمەن٣٠ ساڵ، باوکی سێ منداڵ و خەڵکی گوندی «نێ» سەر بە مەریوان، ماوەی ٣٩ ڕۆژی ڕابردووی لە دەستبەسەرگەی ئەم شارە تێپەڕاندووە و دۆخی یاسایی ناوبراو نادیارە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک بە بنەماڵەی محەممەد پەروازە، ئەم هاووڵاتییە سەرەڕای ئەوەی کە خاوەن پێداویستیی تایبەتە، سەرپەرشتیاری دایک و خوشکەکەی خۆیشی لە ئەستۆدایە.
ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی یەک مانگ و حەوت ڕۆژی ڕابردووەوە لە سەرەتاییترین مافی خۆی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن بێبەش بووە.
محەممەد پەروازە ڕۆژی چوارشەممە ١ی گەلاوێژ، لە گوندی نیشتەجێی خۆی دەستبەسەر کرابوو.