دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی توونددا ڕایگەیاند، دەست بە ئەنجامدانی "کوشندەترین و تووندترین ئۆپەراسیۆنی ئابووری" لە مێژوودا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات.
ترەمپ لەو پەیامەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوە دا کە تاران دەرفەتی زێڕینی بۆ ڕێککەوتن لەدەست داوە. ئەو وتی: "بەداخەوە بۆ ئەوان، نەیانتوانی دەرفەتەکان بقۆزنەوە، بۆیە ئێستا ناچارین پەنا بۆ تووندترین ڕێکاری ئابووری ببەین کە تا ئێستا دژی هیچ وڵاتێک نەگیرابووە بەر؛ ئەمە جەنگێکی ئابووری و گۆشەگیرکردنێکی بێپێشینە دەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا دۆخی ئێستای ئێرانی بە "داڕووخاو" ناوبرد و ڕای گەیاند: "هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران شکستیان هێناوە و ژێرخانی سەربازییان لەبەریەک هەڵوەشاوە. هاوکات بەهای تمەن بە تەواوی دابەزیوە و باری ئابووریی وڵاتەکە لە ئاستێکی زۆر مەترسیداردایە." لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، ترەمپ هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی وڵاتانی جیهان کرد و جەختی کردەوە: "هەر وڵات، بانک، کۆمپانیا یان دەزگایەکی حکوومی کە هەر جۆرە هاوکارییەکی ئێران بکات، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەر لێشاوی سزاکانی ئەمریکا و باجێکی قورس دەدات."
ترەمپ داوای لە هاوپەیمانانی وڵاتەکەی کرد بە شێوەیەکی یەکگرتوو کار بۆ گۆشەگیرکردنی تاران بکەن و ڕێگری لە قاچاخچێتیی نەوت، ئاڵوگۆڕی دراو و چالاکیی کۆمپانیا وەهمییەکان بکەن. ناوبراو ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێکارانەی بۆ پەکخستنی توانای ئێران لە بڵاوکردنەوەی تیرۆر گەڕاندەوە و لە کۆتاییدا بە دەنگێکی هەڕەشەئامێزەوە دووپاتی کردەوە: "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."