مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەڵوەشاندنەوەی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی (Green Card) بۆ کوڕی مەعسوومە ئیبتیکار، بەرپرسی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و خێزانەکەی ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لەژێر چاودێری پۆلیسی کۆچ و کۆچبەراندان بۆ ئەوەی لە وڵات دەربکرێن.
ڕۆژی شەممە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "سەید عیسا هاشمی" و "مریەم تەهماسبی" هاوسەری و منداڵەکەیان، کە پێشتر لە ساڵانی 2014 و 2016 لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا ڤیزا و مافی نیشتەجێبوونیان پێدرابوو، چیتر ڕێگەیان پێنادرێت لە ئەمریکا بمێننەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ مێژووی مەعسوومە ئیبتیکار گەڕاندەوە، کە ناسراوە بە "ماری هاوارکەر، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیبتیکار گوتەبێژی ئەو گرووپە بوو کە لە ساڵی 1979 هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و 52 دیپلۆماتکاری ئەمریکییان بۆ ماوەی 444 رۆژ بە بارمتە گرت.