بە بۆنەی ٣٨مین ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە، پارتی لیبڕاڵ دیمۆکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوی بڵاو کردوە ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراویە،
خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان
كۆڕ و كۆمەڵە سیاسییە كوردستانی و نێودەوڵەتییەكان
لەگەل سڵاو و رێز
لە ٣٨مین ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، یادی ئەو ڕۆژە خەمناکە دەکەینەوە کە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا، ڕژێمی فاشیستی بەعس شاری هەڵەبجە و گوندەکانی دەوروبەری بە چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی بۆردومان کرد. لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا، پتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی سڤیل، کە زۆربەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوو بوون، بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کران؛ هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون کە تا ئێستاش بەدەست لێکەوتە و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی ئەو ژەهرە کوشندەیەوە دەناڵێنن.
ئەم کارەساتە تەنیا تاوانێکی کۆمەڵکوژی نەبوو، بەڵکو جینۆسایدێکی ڕەهای گەلی کورد بوو لەسەر دەستی ڕژێمێکی دیکتاتۆر، کە مخابن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئەمڕۆش وەک پێویست بەرپرسیاریەتیی خۆی بەرانبەر نەنواندووە. ئێمە لەم یادە پڕ لە ئێش و ئازارەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوربانیانی هەڵەبجە دادەنەوێنین و سڵاوی ئەمەکداری بۆ گیانی پاکی شەهیدان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دەنێرین هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کیمیابارانی هەڵەبجە بە فەرمی وەک جینۆساید بناسێنێت و هەروەها جەخت دەکەینەوە کە چارەسەرکردنی برینداران و دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان بۆ پاشماوەکانی ئەو کارەساتە، ئەرکێکی باڵای نیشتمانی و مرۆییە. بە پێویستی دەزانین کە بێدەنگی لە ئاست تاوانەکانی ڕابردوو، ڕێگە بۆ دووبارەبوونەوەی تاوانی نوێ خۆش دەکات. هەڵەبجە تەنیا شارێک نییە، بەڵکو سیمبولی مەزلوومیەت و خەباتی ڕەوای گەلی کوردە. تا ئەو کاتەی دادپەروەری بەدی نەیەت و تاوانباران سزای یاساییی خۆیان وەرنەگرن، برینەکانمان ساڕێژ نابن. هەڵەبجە هەرگیز لە بیر ناکرێت.
یاد و ناوی شەهیدانی بۆمبارانی شیمیایی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی گەلەکەمان شاد.
پارتی لیبڕاڵ دیمۆکراتی کوردستان
٢٥ی رەشەممە ٢٧٢٥ کوردی