ئێوارەی ڕابردوو، چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕ، فروود وەیسی (٣٥ ساڵ) برای موجتەبا و مەیسەم، و فەرهاد غەفووریزادە کە کوڕەپووریانە، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری کرماشان لەلایەن هێزە حکومییەکانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی «هەنگاو»، دەستبەسەرکردنی فروود وەیسی و فەرهاد غەفووریزادە لە کاتێکدا بووە کە بنەماڵە و کەسوکاری ئەم گیانبەختکردووانە سەرقاڵی ئامادەکاری بوون بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چلەی مەیسەم و موجتەبا وەیسی؛ ڕێوڕەسمێک کە بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوە بچێت.
دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییەدا، تا ساتەوەختی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەی دەزگای دەستبەسەرکەر، تۆمەتەکان و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە و بنەماڵەکەیان لە دۆخێکی نادیار و پڕ لە نیگەرانیدا دەژین.