بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەبێ بوونی هیچ ڕێگەپێدانێکی دادوەری، هەڵیان کوتایە سەر ماڵی بنەماڵەی "سدیق کەریمی" لە شاری بۆکان و ناوبراویان دەستبەسەر کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتووە، هێزە ئەمنییەکان دوای پشکنینی ماڵەکەی، سدیق کەریمی-یان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو پێشتر بەهۆی لەبەرکردنی "جلوبەرگی کوردیی ڕەنگخاکی" لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوەدا لە شاری پیرانشار، لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری نایاسایی، سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
سەرباری بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی، هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری سەرەکیی دەستبەسەرکردن و ئەو شوێنەی ناوبراوی تێدا ڕاگیراوە، لەبەردەستدا نییە. ئەم کردەوەیەی هێزە ئەمنییەکان لەکاتێکدایە کە ڕەشبگیری و گوشارەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد بە بیانووی جیاواز، لە ماوەی ڕابردوودا ڕووی لە زیادبوون کردووە.