ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی «کەریم ڕەسووڵی»، خەڵکی گوندی «ئیندەرقاش»ی سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ناوبراو کە ئەندامی ئەنجوومەنی گوندی ئیندەرقاشە، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری مەهاباد و بەبێ بوونی هیچ جۆرە فەرمانێکی دادوەری، لەلایەن هێزەکانەوە ڕاگیراوە و دواتر بە زۆر بۆ شوێنێکی نادیار براوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکان بێ ڕاگەیاندنی هۆکاری دەستبەسەرکردنەکە و بەبێ ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکان، ناوبراویان لە هاوژین و کەسوکاری دابڕیوە.
تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هێشتا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری گرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە و نیگەرانییەکان لەبارەی دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ڕوو لە زیادبوونە.