لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری بانە، هۆشیار شەعبانی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی ئەو شارەی، بە تۆمەتی جۆراوجۆر سزای هەشت ساڵ و دە مانگ بەندکرانی تەعزیری بەسەردا سەپاند.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، ئەو سزایە کە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە، بریتییە لە: چوار ساڵ بەندکران بە تۆمەتی «هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی پێکهێنانی دەستە و گرووپەوە»، چوار ساڵ و دوو مانگ بەندکران بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی» و هەشت مانگیش بەندکران بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام بە قازانجی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکان».
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دادگا لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە و دەرکردنی بڕیارەکەدا، چالاکییە مەدەنی و فەرهەنگییەکانی هۆشیار شەعبانی، لەوانە: پشتیوانی لە کۆڵبەران، هەڵوێست وەرگرتن دژی سێدارە، بەشداریکردن لە کەمپەینی «نا بۆ سێدارە» و ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمە فەرهەنگییەکان، وەک بەڵگەی تاوان و پاساوێک بۆ سەپاندنی ئەم سزایە بەکار هێناوە.
هۆشیار شەعبانی لە چالاکانی مەدەنیی ناسراوی ناوچەکەیە کە پێشینەی دەستبەسەرکران و بەندکرانی سیاسیی هەبووە و ئەم بڕیارەی دادگاش لە چوارچێوەی بەرتەسککردنەوەی زیاتری چالاکییە مەدەنییەکان لەو شارەدا هەڵدەسەنگێندرێت.