هێزە ئەمنییەکانی شاری بۆکان، هەڵیانکوتایە سەر شوێنی کارکردنی دوو هاووڵاتیی کورد و دەستبەسەریان کردن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، ڕۆژی شەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی «ناسر قورغچی» و «شەهاب قورغچی»، کە ئامۆزای یەکتر و خەڵکی گوندی «کانیڕەش»ی سەر بە شاری بۆکانن، لە گەڕەکی «میرئاوا»ی ئەو شارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان بەبێ پیشاندانی هیچ فەرمانێکی دادوەری، هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری ئەم دوو هاووڵاتییە و دوای دەستبەسەرکردنیان، ڕەوانەی شوێنێکی نادیاریان کردوون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئاراستەکراوەکان و چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و هەوڵەکانی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنیان بێئەنجام ماوەتەوە.