ڕۆژهەڵاتی ناوین لە بەرەبەیانی گۆڕانکاریەکی ژئوپولتیکی بێوێنەدا خۆی دەنوێنی؛ سیستمێک کە دەیان ساڵ بوو ناوچەکەی ئاراستە دەکرد، بەرەو هەڵوەرین دەچێت. لەلایەکەوە هاوپەیمانیی "هیلالی شیعە" کە ئێران ڕێبەرایەتی دەکرێت، لە ژێر گوشاری ئابووری، درۆن، زانیاریی هەواڵگریی ئیسرائیل و ئەمریکا و بێزاربوونی ناوخۆیی گەلانی ئەو وڵاتەدا دوا هەناسەکانی دەکێشێت. لەلایەکی دیکەشەوە، بەرەیەکی نوێ لە وڵاتانی سوننی (سعودیە، پاکستان و تورکیە) خەریکە پاڵپشت بە بەرژەوەندیی هاوبەش ساز دەبێت و دەکەوێتە سەر پێ؛ ئەو میحوەڕە بە ئەسپایی کار دەکات بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەوەی ئیسرائیل ببێتە یەکەمی بێ ڕکەبەری ناوچەکە، ئاراستەی "پەیمانی ئابراهام" بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆی بنوێنێت، و هاوکات ڕێگە لە گەشەکردنەوەی گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بگرێت.
ئەو هاوپەیمانییە نوێیە ئەگەرچی ڕاستەوخۆ دژی کورد دروست نەبووە، بەڵام لە داهاتوودا بەهۆی نەتەوەپەرستیی دەسەڵاتدار لە ناوچەکە دەکرێت بێتە هەڕەشەیەکی زۆر جدی بۆ سەر کێشەی کورد. لە لایەکی دیکەشەوە، حیسابکردن لەسەر ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی و هاتنەکایەی سیستەمێکی ئاشتیخواز لە تاران، هەڵەیەکی مەترسیداری مێژووییە. ئێرانی داهاتوو (چ پارچە پاڕچە بێت، چ بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، و چ سیستەمەکەی پاشایەتی بێت یان کۆماری)، هەمیشە هەوڵ دەدات خۆی وەک زلهێزی سەرەکیی ناوچەکە بنوێنێت و ناچێتە ژێر چەتری هیچ وڵاتێکی تر. سەرباری ئەوەش، کولتووری سیاسی و شۆڤێنیزمی زاڵ لەو وڵاتە—کە ڕیشەی مەزهەبی و مێژوویی قووڵی هەیە—تەنانەت لە بەرگی سێکولاریش دا ئامادە نییە بە ئاسانی دان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورددا بنێت.
لە ناو ئەم بەرداشە گەورەیەدا، کورد ئەگەر بیرێک لە داهاتووی خۆی نەکاتەوە و خاوەنی ستراتیژییەکی ڕوون نەبێت، تووشی کێشە و قەیرانی مەترسیدار دەبێتەوە. لەو هاوکێشە نوێیەدا، ئیسرائیل باشترین و حیاتیترین هاوپەیمانی کوردە، و کوردیش تاقانە و بەهێزترین هاوپەیمانی ئیسرائیلە.
پەیوەندیی نێوان کورد و ئیسرائیل بابەتێک نییە کەنیەک شەوە و دەست بە جێ دروست بووبێت، بەڵکو خاوەنی مێژوویەکی ژێر زەمینی و ستراتیژیی قووڵە کە ڕەگەکەی بۆ ساڵانی دەیەی ٦٠ و ٧٠ی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. لەو قۆناغەدا، بەهۆی دکتۆرینی "پەراوێز" (Periphery Doctrine) لەلایەن دیوید بن گۆریۆن (یەکەم سەرۆک وەزیری ئیسرائیل)، ئیسرائیل هەوڵی دەدا هاوپەیمانی لەگەڵ نەتەوە و وڵاتانی نا-عەرەبی لە ناوچەکەدا دروست بکات بۆ شکاندنی گەمارۆی وڵاتانی عەرەبی.
ئەو بەڵگە مێژوویییانە ڕاستیی ئەم هاوپەیمانییە دەسەلمێنن:
دیپڵۆماسیی نادیار و سەردانە مێژوویییەکان: بەپێی بەڵگەنامە ئاشکرا کراوەکانی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)، ئۆپەراسیۆنێک بە نێوی "نەمام" (Operation Marvad/Sapling) بەڕێوەچوو. لە ساڵانی ١٩٦٥ و ١٩٧٣، ڕێبەری گەورەی کورد مەلا مستەفا بارزانی سەردانی ئیسرائیلی کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئەو کاتی ئیسرائیل (لێوی ئەشکۆڵ و گۆڵدا مایر) کۆبووەوە.
پشتیوانیی نیزامی و لۆجستیکی (١٩٦٥-١٩٧٥):
پاش ئەو سەردانە ئیسرائیل ڕاوێژکاری نیزامی (مۆساد و ئەرتەشی) دەناردە شاخەکانی کوردستان بۆ مەشقپێکردنی هێزی پێشمەرگە و دابینکردنی چەکی قورس و کەلوپەلی پەیوەندی گرتن.
نەخۆشخانەی مەیدانی و هاوکاریی مرۆیی: لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنیدا لە ساڵی ١٩٦٦، ئیسرائیل نەخۆشخانەیەکی مەیدانیی پیشکەوتووی لە ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان دامەزراند بۆ چارهسهركردنی پێشمەرگە و هاووڵاتییانی سڤیل.
کارتێکەر لەسەر بڕیاری عێراق: ئەو هاوکاریە بووە هۆی ئەوەی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق نەتوانێت بەشداری کاریگەر لە شەڕەکانی ١٩٦٧ (شەش ڕۆژە) و ١٩٧٣ (یۆم کیپوور) لە دژی ئیسرائیل بكات، چونکە بەشێکی زۆری هێزەکانی لە کوردستان دەرگیر بوو و گیری خواردبوو.
ئەو مێژووە دەسەلمێنێت کە پێوەندیەکە لەسەر بنەمای دوژمنی هاوبەش و بەرژەوەندیی ژئوپۆلتیکی لەمێژینە داڕێژراوە.
چرا بێ وێنەکەی ئیسرائیل؛ بۆچی کورد تاقانە هاوپەیمانی ئیسرائیلە؟
ئیسرائیل لە ناوچەیەکدا گەمارۆ دراوە کە پڕە لە ئیدئۆلۆژی ڕادیکاڵ و دوژمنایەتیی مێژوویی. لەو ناوچە ئاڵۆزەدا، کورد تەنیا بژارە نییە، بەڵکو چرا و هاوپەیمانی بێوێنەی ستراتیژیی ئیسرائیلە؛ چونکە:
1. جوغرافیای ژئوپۆلتیکێکی زێڕین: نەتەوەیەکی ٥٠ ملیۆنی لە جەرگەی چوار وڵاتی سەرەکی و کاریگەری ناوچەکەدا (ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا) دابەش بووە. هەبوونی دۆستێکی نەتەوەیی لەو کاتە هەستیارەدا، باڵانسی هێز بە تەواوی لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دەگۆڕی.
2. جەوهەری سێکۆلار و کلتووری ئاشتیخوازی: جیاواز لە زۆربەی نەتەوەکانی دەوروبەر، خەباتی کورد هیچکات خەباتێکی ئیدئۆلۆژی ئایینی یان توندڕەوی نەبووە. کورد نەتەوەیەکی سێکۆلار و میانڕەوە؛ ئەگەرچی موسڵمان، مەسیحی، جولەکە، ئیزیدی و یارسانن، بەڵام ئایین ناکەنە چەک بۆ سڕینەوەی نەتەوەکانی دیکە. خەباتی کورد تەنیا بۆ پاراستنی خاک و بەدەستهێنانی ئازادی بووە.
3. ئازایەتی و هێزی شەڕکەری تاقیکراوە: کورد لە مێژوودا سەلماندوویەتی کە کۆڵنەدەرترین هێزی زەمینیە. لە شەڕی دژی ڕادیکاڵیزم و داعشدا، کورد وەک قەڵغانێکی بەهێز بەرگری لە بەها مرۆڤیەکان کرد. ئەو هێزە زەمینیە ئازایە لە هەموو ناوچەکەدا هاوتای نییە و مێژویەکی دورە و سوری هەیە لە خەبات و قوربانیدان لە پێناو ئازادی و دێمۆکڕاسی دا.
پێویستیی حیاتیی کورد بە ئیسرائیل!
لە لایەکی دیکەشەوە، کورد زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بەو هاوپەیمانەتیە هەیە. لە دنیای ئەوڕۆدا کە تکنۆلۆژی، درۆن، سیستمی بەرگری ئاسمانی و زانیاریی هەواڵگری چارەنووسی شەڕەکان یەکلا دەکەنەوە، ئیسرائیل دەتوانێت گەورەترین پشتیوانی تەکنیکی و نیزامی و هەواڵگری و تکنۆلۆژی بێت بۆ پاراستنی قەوارەی کورد. هاوکات، ئیسرائیل بەهۆی هەبوونی لۆبیەکی زۆر بەهێز لە واشنگتۆن و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی، دەتوانێت دەروازەی سەرەکی بێت بۆ وەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی بۆ مافەکانی کورد. لە ڕووی ئابووریشەوە، هاوکاری و سەرمایەگوزاریی ئیسرائیل دەتوانێت ژێرخانی کوردستان سەربەخۆ و بەهێز بکات.
دوا وتە: بڕیاری مێژوویی و ڕێبەرایەتی بوێر!
هاوپەیمانیی کورد و ئیسرائیل دەتوانێت باڵانسی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە قازانجی ئەو دوو نەتەوەیە بگۆڕێت؛ لە بڕی تیرۆر، ڕادیکاڵیزم و شەڕی ناوخۆیی، دیمۆکراسی، ئازادی، ئاسایش و بوژانەوەی ئابووری بۆ تەواوی ناوچەکە بهێنێت.
لە بیرمان نەچێت کە گەیشتن بە سەربەخۆیی و گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە، باج و هەزینەی گەورەی دەوێت، ڕیسکی مێژوویی دەوێت، و سەرباری هەموو ئەوانەش پێویستی بە ڕێبەرایەتیەکی بوێر هەیە کە توانای بڕیاردانی هەبێت و لە دەر و جیران نەترسێت. کورد ئەگەر لەو وەرچەرخانە مێژووییەدا بە ستراتیژیەکی ڕوونەوە ئامادەیی نەبێت، جارێکی تر دەبێتەوە قوربانیی ڕێککەوتنە نهێنییەکانی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان.
خاڵی سەرەکی ئەو ستراتیژیە ڕوونە یەکگرتووی نێو خۆیی و نێو ماڵی کوردە چ لە ئاستی پارچەکان و پاشان لە ئاستی هەر چوار پارچە دا.
بیکەین سەردەکەوین و نەیکەین دۆڕاوین تا سەد ساڵی دیکە و دەرفەتێکی دیکە…..
رۆژهەڵات نیوز بەرپرسیار نییە لە ناوەرۆکەی بابەتەکە.