وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرفراوانی «ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری»دا، زنجیرەیەک ڕێکاری توندی بۆ دابڕینی لقی ئیماراتی «بانکی میسر» لە سیستەمی دارایی و دۆلاری ئەمریکی ڕاگەیاند. هاوکات سزای بەسەر بەڕێوەبەری لقی دوبەی «بانکی میللی»ی ئێران و تۆڕێکی سپیکردنەوەی پارە لە هۆنگ کۆنگدا سەپاند، کە پەیوەستن بە سوپای پاسداران و ڕێبەری باڵای ئێرانەوە.
ئەمڕۆ هەینی، ٦ی خەرمانان، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، وەزارەتەکەی بەڵێنی دابوو تەواوی ئەو شادەمارە ئابوورییانەی بۆ تاران ماونەتەوە، بپچڕێنێت و کۆتایی بە هەڕەشەکانی ئێران بهێنێت. ناوبراو گوتی: «ئێمە پێشتریش هۆشداریمان دابوو کە ئەو لایەنانەی هاوکاری و ئاسانکاری بۆ ئێران دەکەن، ناتوانن بەردەوام بن لە دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی و سوودوەرگرتن لە سیستەمی دارایی جیهانی؛ لقی بانکی میسر لە ئیمارات بڕیاریدا ڕێگە سەختەکە تاقیبکاتەوە، هەر بۆیە ئەمڕۆ یەکەمین هەنگاو بۆ لێپرسینەوە لێی لە بەرامبەر ئەو پشتیوانییە بەردەوام و مەترسیدارەی پێشکەشی ئێرانی دەکات، دەست پێ دەکەین.»
بەپێی ڕاپۆرتی «تۆڕی جێبەجێکردنی تاوانە داراییەکانی ئەمریکا» (FinCEN)، لقی بانکی میسر لە ئیمارات (Banque Misr UAE) وەک ناوەندێکی سەرەکی و مەترسیداری دەستڕاگەیشتنی تاران بە دۆلاری ئەمریکی پۆلێن کراوە. تاران ئەم جۆرە تۆڕانە بۆ سپیکردنەوەی پارە، کڕینی چەک و دابینکردنی بودجە بۆ گرووپە چەکدار و تیرۆریستییە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بەکار دەهێنێت. هاوکات لە نێو کڕیارەکانی ئەو بانکەدا، کۆمپانیای ساختەی سەر بە «وەزارەتی جەنگی» ئێران، سوپای پاسداران و کەسایەتییە نزیکەکان لە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، بوونیان هەیە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕێکارەدا، «نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی» (OFAC) زنجیرەیەک سزای نوێی لە چوارچێوەی یاساکانی دژەتیرۆردا سەپاند. لەو چوارچێوەیەدا، سزای بەسەر ڕەزا محەممەد تائیدی، هاووڵاتیی ئێرانی و بەڕێوەبەری گشتیی لقی دوبەی بانکی میللیی ئێراندا سەپاند، بە تۆمەتی ئەوەی لە ڕێگەی ئەو بانکەوە ئاسانکاریی بۆ مامەڵەی ملیاران دۆلار لە ڕێگەی هەژمارەکانی «فەیلەقی قودس»ی سوپای پاسداران کردووە و پارەی بۆ میلیشیاکانی سەر بە تاران لە عێراق و ناوچەکە دابین کردووە.
هەروەها کۆمپانیای بازرگانیی (Kameng Trading Limited) لە هۆنگ کۆنگ خرایە لیستی سزاکانەوە، بەهۆی سپیکردنەوەی پارە بۆ کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی سزادراوی ئێرانی، ناسراو بە «پێدرام پیرووزان/ ئۆپال ئێکسچەینج». وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە، «ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری» کە لە لایەن بێسێنتەوە ڕاگەیەندرا، نەخشەی سەرجەم کەناڵە داراییەکان، قاچاخچێتیی نەوت و تۆڕەکانی تێپەڕاندنی سزاکانی تارانی بە مەبەستی وشککردنی تەواوەتیی داهاتە نایاساییەکانی ئێران دیاری کردووە. گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریی داوە هەر دامەزراوەیەکی دارایی لە جیهاندا مامەڵە لەگەڵ ئەم لایەنانە بکات، ڕووبەڕووی سزای لاوەکی و دابڕانی یەکجارەکی لە سیستەمی دارایی ئەمریکا دەبێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە سەرجەم سامانی ئەو لایەن و کەسانە لە خاکی ئەمریکا یان لەژێر دەسەڵاتی هاووڵاتییانی ئەمریکادا بلۆک دەکرێن، و هەر جۆرە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەک پێیان، بە توندی سزا دەدرێت.