سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ٧ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بە هەڵکوتانە سەر گوندی «سەردۆش»ی سەر بە ناوچەی «بەری بەگزادە»ی شاری مەریوان، پێنج هاووڵاتیی کوردیان بە شێوازێکی توندوتیژانە دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار گواستیانەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست کەوتوون، کاتژمێر ٥ی بەیانی، هێزێکی زۆری ئەمنی بە پشتیوانیی چەندین ئۆتۆمبێل گەمارۆی گوندەکەیان داوە و بە بیانووی «سنووربەزاندن» و کارکردن لە سنوورەکان، پەلاماری ماڵی ئەو هاووڵاتییانەیان داوە و دەستبەسەریان کردوون.
ناسنامەی دەستبەسەرکراوان بەم شێوەیەی خوارەوە ڕاگەیەندراوە: ١. ئازاد نەوزەری ٢. زانیار توانا ٣. پوویان کاکەمحەممەدی ٤. زانیار قادری ٥. شێرزاد عەبدی سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو هاووڵاتییانە، دوای دەستبەسەرکرانیان، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەریوان ڕاگوێزراون. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری ورد و چارەنووسی درێژخایەنی ئەم کەسانە ڕوون نەکراوەتەوە و بنەماڵەکانیان لە دڵەڕاوکێیەکی زۆردا دەژین.
جێگای ئاماژەیە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی نەبوونی هەلی کار و بۆ بژێویی ژیانیان ناچار پەنا بۆ کاسبیی سنووری دەبەن، کە زۆر جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی گرتن، ئەشکەنجە و تەنانەت تەقەی ڕاستەوخۆ دەبنەوە.