دادگای باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای لەسێدارەدانی «ئارمان مەعرەفەتی»، هاووڵاتیی کورد و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی پەسەند کردووە.
ناوبراو کە ئێستا لە زیندانی «قزڵحەسار»ی کەرەج ڕاگیراوە، پێشتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ئەبولقاسم سەڵواتی»، بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کردەوەی دژی ئەمنییەت»، «تێکدانی شوێنە گشتییەکان» و «ئاگرتێبەردانی مزگەوت و حوجرەی خوێندنی ئایینی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئارمان مەعرەفەتی لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی «مێهرداد محەممەدینیا» و «ئەشکانی مالکی» دادگایی کرابوو. سزای لەسێدارەدانی ئەو دوو کەسەی دیکە لە خەرمانانی ئەمساڵدا جێبەجێ کرا.
ئەو سێ هاووڵاتییە لە دۆسییەکەدا تۆمەتی جۆراوجۆری وەک «هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەر»، «دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگە» و «تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی»-یان درابووە پاڵ.
ئارمان مەعرەفەتی، تەمەن ٣٨ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز و دانیشتووی تاران بووە. ناوبراو کە پێشینەی کاری لە گۆڕەپانی میوە و سەوزەوات هەبووە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە تاران دەسبەسەر کرا. شایەنی باسە ناوبراو لە خەرمانانی ١٤٠٥ لە زیندانی «تارانی گەورە»وە بۆ زیندانی «قزڵحەسار» گوازرایەوە و ئێستا چارەنووسی بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.