هەواڵێکی زۆر هەیە سەبارەت بە پەيوەندييەکانی تڕەمپ لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک حيزبەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. باس لەوە دەکرێت ئەمريکا داوای لە حيزبەکانی ڕۆژهەڵات کردووە دژ بە ڕژێم بجوڵێنەوە و ئەمريکا و ئيسرائيليش لە ئاسمانەوە هاوکار دەبن. ئەو بۆردومانە چڕەی ئيسرائيل بۆ سەر دەزگا و بارەگاکانی ڕژێم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماژەیەکی ترە بۆ ئەو بابەتە. لە دۆخێکی وادا دەرەفەت و مەترسييەکان چين بۆ سەر کورد لە ڕۆژهەڵات و باشوور؟
بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی سياسەت و جيوپۆلەتيک لەو بابەتە تێبگەين، پێويستە دەستبەرداری کۆمەڵێک دەستەواژەی بەديهی بين وەک “ئەمريکا کورد بەکاردەهێنێت” و “ئەمريکا کە ئيشی بە کورد نەما دەستبەرداری دەبێت” و چەندين بۆچوون و دەستەواژەی هاوشێوە. بێ گومان ئەمريکا ئيشی بە کوردە و بێ گومان بەکاری دەهێنێت بۆ بەرژەوەندی خۆی. زۆرينە پێی وایە ئۆکرانيا بەکاردێت، دەوڵەتانی کەنداو بەکاردێن لە لایەن ئەمريکاوە، تەنانەت بۆچوونێکی زاڵ هەیە لە ئەمريکا، کە خودی ئەمريکا لە لایەن ئيسرائيلەوە بەکاردێت لەم جەنگە. بە دڵنياییەوە مامەڵەکردنی ئەمريکا لەگەڵ کورد لەو کاتەی پێويستی بە کوردە جياوازە لەوەی کە پێويستی بە کورد نامێنێت. ئەمە پەيوەست نييە بە کورد و ئەمريکا، پەيوەستە بە سياسەتی نێودەوڵەتی و رەفتار و فکری دەوڵەت و سروشتی سياسەت.
ئایا کاتێک کورد وەک کارت بەکاردێت، تەنيا زیانی بەردەکەوێت یان سووديش؟ درووستبوونی هەرێم و ڕۆژئاڤا دەرئەنجامی ئەو مامەڵە سياسييە بوون. لەگەڵ هەموو ئەو گلەیی و نيگەرانيەیی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەبوو بە هۆی گۆڕانی سياسەتی ئەمريکا، بەڵام نکۆڵی ناکرێت کە کورد هەر دەستکەوتی بەدەست هێنا. ڕاستە ئەگەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئێستادا براورد بکەين بە دۆخی چەند ساڵێک پێش ئێستا، شکستە، بەڵام بە براوردکردن بە دۆخی کوردی ڕۆژئاوا و سوريا پێش ٢٠١١، دەستکەوتێکی گەورە و مێژوویی بەدەست هێناوە. ئێستاش حەسەکە کە ڕووبەرەکەی بە ئەندازەی ڕووبەری ئيسرائيلە، لە ڕووی سەربازی و ئيداری و سياسييەوە لەژێر دەسەڵاتی کوردە. واتە کورد تا ئێستاش سوودێکی گەورەی بينيووە لەو چوونە پاڵ ئەمريکایە لە شەڕی داعش و شەڕی ناوخۆی سوريا. ئەمريکا زۆری دا بە کورد کە ئيشی پێ بوو، کە ئيشی پێ نەما، ڕێگەی دا سێ بەشی لەدەست دەربهێنن، بەڵام بەشێکی هەر ماوەتەوە. سياسەت بريتييە لەم جۆرە چالاکی و ململانێ و ريسک و شکست و هەستانەوەیە.
خۆشگوزەرانی و گەشە و پێشکەوتوویی کەنداو و ئەوروپاش تا ئەندازەیەکی زۆر دەرئەنجامی ئەو جۆرەن لە مامەڵە. ڕاستە ئەمجارە کەنداو زیانی بەرکەوت بە هۆی ئەو مامەڵەیە، بەڵام بە براورد بەو هەموو سوودەی بەدەستی هێناوە، زیانەکان زۆر کەمن. بە کورتی، ئەمريکا ئيشی بە کوردە، دەيەوێت بۆ ماوەیەکی کاتی بەکاری بهێنێت، ئەمە دەرەفەت و هێز و توانایەک بە کورد دەدات، کە نەيبووە و نيەتی، دەتوانێت لایەنی کەم، دۆخی باشتر و دەستکەوتەکانی زیادتر بکات بە براورد بەوەی ئێستا هەیە.
کەواتە، هاوپەيمانی حيزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بڕيارێکی درووست دەدەن ئەگەر دەست بکەن بە چالاکی دژ بە ڕژێم بۆ ئازادکردنی شارەکانی ڕۆژهەڵات. پێويستە سەرەتا داوای گەرەنتی و ڕێککەوتنێکی فەرمی بکەن، ئەگەر نەکرا، ئەوا بێ گەرەنتیش، دەکرێت ئەو جوڵەیە بکەن. بەڵام ئەگەر داوایان لێکرا لە دەرەوەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتيش شەڕ بکەن، ئەوا بە بێ گەرەنتی و ڕێککەوتنێکی فەرمی، نابێت ڕازی بن. تاکە گەرەنتی بۆ ئەم قۆناغە دەبێت ئەوە بێت، کاتێک هێزە چەکدارەکانی حيزبە کوردييەکان دەجوڵێنەوە، ئەمريکا و ئيسرائيل بەردەوام بن لە هاوکاری لە ئاسمانەوە.
مەترسييەکان چين؟
بە گشتی هەموو هەل و دەرەفەتێکی سياسی، بەدەر نييە لە شکست و مەترسی، هەر وەک چۆن سەرکەوتن و دەستکەوت ئەگەرێکن، مەترسی و شکستيش هەر وا (بە تايبەت بۆ ئەم جۆرە هاوکێشە ئاڵۆزانە و بە تايبەتتر بۆ کورد). ئەگەر هەیە چەکدارانی حيزبەکانی ڕۆژهەڵات هەفتەیەک شەڕ بکەن و لەولاوە ئێران سازشی گەورە بکات و ئيسرائيل و ئەمريکا شەڕەکە ڕابگرن. ئەگەر هەیە ڕژێم بڕوخێت و ڕژێمی نوێ ببێتە دۆستی ئەمريکا و ئيسرائيل، دەستبەرداری کورد ببن و ببێتە قوربانی. ئەگەر هەیە هێرشی قوورس و مەترسيدار بکرێتە سەر هەرێمی کوردستان وەک بەرپرس لە حيزبەکانی ڕۆژهەڵات. هاوکات ئەگەر هەیە ديفاکتۆیەک لە رۆژهەڵات درووست بکرێت وەک ئەوەی باشوور لە دوای ٩١. دەکرێت ئێران بەرەو شەڕی ناوخۆ بڕوات و هەر نەتەوەیەک ناوچەی خۆی بگرێتە دەست و ئێران هاوشێوەی ليبيا و یەمەن ببێتە دەوڵەتێکی شکستخواردوو دابەشبوو. هەموو ئەم گريمانانە هەیە، ئەگەر تەنيا مەترسييەکان لەبەرچاو بگرين، کەواتە هيچ هەنگاوێک نانرێت. ئەگەر تەنيا گريمانەی سەرکەوتن بکەينە پێوەر، کەواتە تووشی بێ هيوایی و قوربانييەکی گەورە دەبين.
باشترين بژاردە ئەوەیە، بە لەبەر چاوگرتنی هەردوو گريمانەکە، هەنگاو بنرێت و جووڵە بکرێت و بڕوانرێتە دۆخەکە و ئايندەی هاوکێشەکە. کورد لە رۆژهەڵات ئێستا هيچی نييە، یاخود دەگاتە کۆمەڵێک دەستکەوت، یان هيچ بەدەست ناهێنێت و وەک خۆی دەمێنێتەوە. بەم لۆژيکە، چوونە پاڵ ئەمريکا و جوڵانەوە دژ بە ڕژێم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بژاردەیەکی عاقلانە و سياسی دەبێت، بە تايبەت ئەگەر کورد جۆرێک لە پەيوەندی و تەنسيق لەگەڵ عەرەب و بەلوچ درووست بکات. دواجار ئەگەر ئەمريکا بيەوێت، دەکرێت یەکێک لە حيزبەکان ڕازی بکات و ئەو ئەرکەی پێ راسپێرێت، بۆیە حيزبەکان بە یەکەوە ئەو جوڵەیە بکەن کاريگەرترە. لە گريمانەی ئەوەی ئەمريکا لە قۆناغێکدا دەستبەرداری کورد دەبێت، ئەوا بۆ ماوەیەک حيزبەکان بەرگری بکەن، ئەگەر زیانەکان زۆر بوون و سوودی نەبوو، کۆتایی بە چالاکييەکان بهێنن و بکشێنەوە، واتە گەڕانەوە بۆ دۆخی ئێستا.
فاکتەری تورکيا ڕۆلی سەرەکی دەبينێت، چ لە سەرەتای پڕۆسەکە یاخود لە قۆناغەکانی دواتر. ئەوەش دوو گريمانەی هەیە، بينيمان تورکيا نەيتوانی ڕێگری بکات لە درووستبوونی قەوارەکەی باشوور و دواجار واقعيانە مامەڵەی لەگەڵدا کرد. هاوکات نەيتوانی بە تەواوی پلانەکانی خۆی دژ بە قەوارەکەی رۆژئاڤا جێبەجی بکات، بەشێک لە دەسەڵاتی سەربازی و سياسی کورد هەر مایەوە، ئەگەرچی بچوککرایەوە، ئامانجی تورکيا گەڕانەوەی کوردی ڕۆژئاوا بوو بۆ قۆناغی پێش ٢٠١١، لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە تا ئێستا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانيش دەکرێت بەشیک لە پلانەکەی بێتە دی نەک هەمووی. دۆخ و ديموگرافيای ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر جياوازە لە هی ڕۆژئاوا، لە رۆژئاوا زۆرينە عەرەبە، تەنانەت زۆرينەی دانيشتووانی حەسەکە عەرەبن. ژمارەی کورد لەوێ زۆر بچوک و پەرتەوازەیە. لە ڕۆژهەڵات کورد دەيان شار و ناوچەی زۆرينە کوردی بە تەنيشت یەکترەوە هەیە، ژمارەی کورد لەوێ گەورەیە، جوگرافياکەشی گەورە و یەکگرتووە تا ڕادەیەکی زۆر. ئەگەر لە رۆژئاوا تەنيا حەسەکە بە جۆرێک تايبەتمەندی مایەوە، لە ڕۆژهەڵات دەکرێت زۆر زیاتر بێت.
ئەگەر ئەو جوڵەیە ڕوويدا لە ڕۆژهەڵات، پێويستە هەرێم و حيزبەکانی ڕۆژهەڵات بەیاننامەیەکی فەرمی دەربکەن کە هەرێم پەيوەندی بەو دۆخەوە نييە. هەرچەند سوودی وای نابێت، بەڵام هەنگاوێکی پێويستە. لە ئەگەری زیادکردنی موشەک و درۆنەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم، پێويستە حکومەت قەدەغەی هاتوچۆ رابگەيەنێت و دەزگا حکومييەکان چۆڵ بکرێت، بۆ ئەوەی زیانی مرۆیی کەم بێت و تەنيا زیانی ماددی هەبێت. دواجار، وەک بينيمان، لە هەموو دۆخێکدا ئێران هەر هێرش دەکاتە سەر هەریم، لەوانەیە زیاتر بێت ئەگەر ڕۆژهەڵات دژ بە ڕژێم بجوڵێتەوە.
بەدەستهێنانی ئامانجی سياسی لەم دۆخانەدا، بە بێ زیان نابێت، خودی ئەمريکا زیانی ماددی و مرۆیی دەبێت لەم جەنگەدا، کەنداو و ناوچەکە بە گشتی، تەنانەت ئەوروپا و چين زیانیان بەردەکەوێت. کورد ئەگەر هيچش نەکات، هەر زیانی بەردەکەوێت، بۆیە ئەگەر دەستکەوتێکی هەبێت بەرانبەر بەو زیانانە، هەنگاوێکی واقعی و بەسوود دەبێت.
گرنگە حيزبەکانی ڕۆژهەڵات تەنيا شارە کوردييەکان ئازاد بکەن و نەچنە دەرەوە، ئەگەر ئەمريکاش داوای کرد، ئەوا بە گەرەنتی و رێککەوتنی فەرمی ئەوە بکەن. هەڵەی کوردانی ڕۆژئاوا نابێت دووبارە بکرێتەوە کە ئەمريکا چی وت بێ رێککەوتن بۆی بکرێت. ئەمريکا بەوەش ڕازییە کە تەنيا شارە کوردييەکان ئازادبکرێن.
رۆژهەڵات نیوز بەرپرسیار نییە لە ناوەرۆکەی بابەتەکە.