وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە سوپا بەردەوام دەبێت لە بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە ئێران و هەر بڕیارێکی پێویست بێت، جێبەجێی دەکات.
ئەم لێدوانەی ئەمڕۆی «یسرائیل کاتز»، لە وەڵامی قسەکانی «گادی ئایزینکوت»ی سەرۆکی پارتی ئۆپۆزیسیۆن بوو، کە گوتبووی: بەرپرسانی باڵای سەربازی گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانی «بنیامین ناتانیاهۆ» نابن و لە کردەوە و بڕیارەکانی ناڕازین.
کاتز لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس»دا ڕای گەیاند: بانگەوازەکەی ئایزینکوت بۆ بەرپرسانی باڵای سوپا، لێدوانێکی نادیموکراتی و دوور لە ڕاستییە. هاوکات ئایزینکوتی تۆمەتبار کرد بەوەی لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکاندا بەردەوامە لە هەڵمەتێک کە بە «چەواشەکاری» وەسفی کرد، سەبارەت بەو بانگەشانەی باس لە بوونی ناکۆکیی نێوان ئاستی سەربازی و سیاسی لەسەر دۆسیەی ئێران دەکەن.
هەروەها گوتی: «سوپا هاوبەشێکی سەرەکی بووە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتە گەورەکان دژ بە ئێران، لە سەرجەم گفتوگۆکانی ئێستاشدا بەشدارە و هەر بڕیارێک پێویست بێت، جێبەجێی دەکەن.»