نیما شیری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئاشخانە سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکران، یەک ساڵ دوورخستنەوە بۆ زاهیدان و لێدانی ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی «هەنگاو»، نیما شیریی تەمەن ٢١ ساڵ، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای سزای دووی شاری ئاشخانەوە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر مورادی، سزای یەک ساڵ بەندکران، یەک ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری زاهیدان و لێدانی ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپاوە.
ئەم هاووڵاتییە لە ١٤ی بەفرانباری ١٤٠١دا، لە کاتی ناڕەزایەتییەکان لە شاری بۆجنۆرد لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
ناوبراو دوای دوو ڕۆژ، بە دانانی بارمتە و تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگایی بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.