هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری مەریوان، چالاکوانێکی ژینگەپارێزی کوردیان بە ناوی «هادی ڕەبووسە» دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەبێ بوونی هیچ فەرمانێکی دادوەری و مۆڵەتی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و پاش پشکنینی شوێنەکە و دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەک لە کەرەستە تایبەتییەکانی، هادی ڕەبووسەیان دەستبەسەر کردووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن، جۆری تۆمەتەکان و تەنانەت شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە. هەوڵ و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ناوبراو و هۆکاری گرتنەکەی، تا ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە و بەرپرسانی ئەمنی وەڵامی داواکارییەکانیان نادەنەوە.
دەستبەسەرکردنی ئەم ژینگەپارێزە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا گوشارەکان بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەپارێزانی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.