سەرچاوە هەواڵییەکان بڵاویان کردەوە، شۆڕش ئەبووبەکری، هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناسراوی خەڵکی شاری سەردەشت، کە بە «شۆڕەسوار» ناسراوە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم هونەرمەندە ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی ڕەزبەر، دوای ئەوەی بە مەبەستی لێپرسینەوە بانگهێشتی دادگای گشتی و شۆڕشی سەردەشت کرابوو، لە کاتی سەردانیکردنیدا بۆ ئەو ناوەندە دادوەرییە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو پێشتر لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە ئاگادار کرابووەوە کە دەبێت ئامادەی دادگا بێت، بەڵام دوای چوونی بۆ ئەوێ، ڕاستەوخۆ دەستبەسەر کراوە.
تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، جۆری تۆمەتەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هونەرمەندە لەبەردەستدا نییە و چارەنووسی ناوبراو نادیارە.