لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیدا لە پەراوێزی لووتکەی گرووپی حەوت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، یەکلایی بوونەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێرانیان دووپات کردەوە.
ڕۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە قسەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی لوبنان کرد و گوتی: "دەمانەوێت بزانین ئایا دەتوانین کێشەی لوبنان چاک بکەینەوە، چونکە وادیارە هەرگیز کۆتایی نایەت. ئەمە وەک وەشانێکی بچووکی ئەو کارەیە کە ئێمە دەیکەین، بەڵام نابێت کارێکی سەخت بێت. پێویستە قسەیەک لەگەڵ حزبوڵڵا بکەین."
سەبارەت بە کردنەوەی گەرووەکە، ترەمپ جەختی کردەوە کە کەشتیوانیی ئازاد دەبێت و گوتی: "پێموانییە پێویستمان بە هاوکارییەکی زۆر هەبێت، چونکە ڕێککەوتنێکمان هەیە کە تێیدا گەرووەکە ڕۆژی هەینی دەکرێتەوە و بێ بەرامبەر دەبێت. کەمێک دەمەقاڵێمان لەسەر ئەوە هەبوو، بەڵام دواجار بێ بەرامبەرە.
هەرچەندە پێموانییە زۆر پێویست بێت، بەڵام بیرۆکەیەکی خراپ نییە کە وڵاتانی وەک فەرەنسا یەک دوو کەشتییان لەوێ هەبێت، چونکە هەرگیز نازانیت چی ڕوودەدات."
کاتێک رۆژنامەنووسان پرسیاریان کرد ئایا ڕێککەوتنەکە هەڵگرتنی سزاکانی تێدایە؟ ترەمپ گوتی: "نەخێر، ئێستا تەنیا پەیوەستە بە ڕەفتارەکانیانەوە. ئەگەر ئەوە بکەن کە بڕیارە بیکەن، ئەوا کاریگەریی دەبێت."
سەبارەت بە کاتی بڵاوکردنەوەی دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە ئاماژەی دا، "پێموایە زۆر بەم زووانە بڵاو دەکرێتەوە. من دەمەوێت بڵاوبکرێتەوە چونکە بەڵگەنامەیەکی زۆر بەهێزە. وەک بەڵگەنامەکەی سەردەمی ئۆباما نییە کە کارەسات بوو. پێموایە دوای رۆژی هەینی بڵاودەبێتەوە؛ ئاماژەشی دا، ئەو ڕێكکەوتنە بۆ هەموویان باشە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەشداریکردنی لە مەراسیمی ڕۆژی هەینیدا، ترەمپ ئاشکرای کرد: "جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئەو مەبەستە دێت. لە بنەڕەتدا بڕیار وابوو ئەو بیکات. من ڕەەنگە تا ئەو کاتە لێرە نەمێنم، چونکە دوای ڕۆژ و نیوێکی دیکە لێرە لەگەڵ ماکرۆن دەبین."