خوێندکارانی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن کە خەبات لە پێناو ڕزگاری و سەروەری کوردستان ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتییان بێت.
دەقی ڕاگەیێندراوی ژومارە 2ی خوێندکارانی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمشێوەیە:
«"ئەوڕۆ تۆفانێکی بە تەوژمی شۆڕشگێرانە سەرانسەری وڵاتەکەمانی داگرتووە و هەموو لایەک بە هومێدێکی بێ پایانەوە دەڕواننە خەباتی نەتەوەکەمان…"
سمایل شەریف زادە
ئێمە وەکوو خوێندکارانی کوردستانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای ڕێز و حورمەت بۆ سەرجەم شەهیدانی نەتەوەکەمان و بەتایبەت خوێندکارانی شەهیدی ئەم دواییەی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەرکوتی داگیرکەری ئێرانی، گیانی خۆیان پێشکەش بە خەباتی پڕ لە سەروەریی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد؛ ڕایدەگەیێنین، کە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و بە دیاریکراوی خوێندکاران، وەک فاکتۆرێکی گرینگ لەم ڕەوتەدا، تا گەیشتن بە سەروەریی کوردستان بەردەوامە و درێژەی دەبێ.
شیاوی ئاماژەیە خوێندکاری کورد، لە ژێر دەسەڵاتی دامودەزگای پەروەردەی داگیرکەری ئێرانی، ڕۆژانە لە ژێر مەترسی و هەڕەشەی بە ئامرازبوونی لە لایەن گوتاری ئێرانیدایە بۆ دووبارەبەرهەمهێنانەوەی ئەم سیستەمە داگیرکەرە. بەو پێیە، کوشتن، لەسێدارەدان و دەسبەسەرکردن تەنیا کەرەستەی ڕووبەڕووبوونەوەی گوتاری ئێرانی بەرانبەر بە خوێندکاری کورد نییە و تەنیا ڕێگا بۆ دەرچوون لەم دۆخەش، «کوردستانیبوونە».
لە کۆتاییدا ئێمە وەک خوێندکارانی سەروەریخوازی کوردستان داوا لە سەرجەم، حیزب، ڕێکخراوە و کەسایەتییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە خەبات لە پێناو ڕزگاری و سەروەریی کوردستان وەک گرینگترین فاکتۆر لە چارەسەریی پرسی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتییان ببێت.
خوێندکارانی سەربەخۆییخوازی کوردستان
خوێندکارانی کوردستانیی زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران
11ی 2ی 2026»