ژان نوئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ڕایگەیاند، سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی ئێران لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بێ وەڵام نامێنێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل، سزاکان بە فەرمی پەسەند بکرێن. سزاکان ئەو کەس و لایەنانە دەکاتە ئامانج، کە دەستیان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا هەبووە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا چەند بوارێک دەگرێتەوە: ئەو کەسانەی سزا دەدرێن، ڕێگەیان پێنادرێت سەردانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا بکەن، تەواوی سامان و سەرمایەی ئەو کەس و لایەنانە لە بانکەکانی ئەورووپا بلۆک دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت ڕێکارێکی یاسایی بۆ بلۆککردنی سامانی ٢١ کەس و دامەزراوە لە ئێران پەسەند بکرێت، کە ئەندامانی باڵای سوپای پاسدارانیشی تێدایە.
لەم پێوەندییەدا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دووپاتی کردەوە، پێویستە ئێران بە زووترین کات ئەم هەنگاوانە بنێت، ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و خۆپیشاندەران، کۆتاییهێنان بە سزای لەسێدارەدان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان بۆ هاووڵاتییان.