دانیشتنی دادگاییی وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان و زیندانیی سیاسیی کورد، کە بڕیار بوو لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بەڕێوە بچێت، ئەنجام نەدرا. مورادی بەهۆی ئەوەی ددان بە شەرعیەتی ئەو دادگایەدا نانێت، ئامادە نەبوو بەشداریی پرۆسەکە بێت و ڕەتی کردەوە لەبەر دەم دادوەردا ئامادە بێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، پارێزەرانی وریشە مورادی لە دادگا ئامادە بوون، بەڵام ئەبوڵقاسم سەلەواتی، سەرۆکی لقی ١٥ی دادگای شۆڕش، بەهۆی ئامادەنەبوونی ناوبراو، دانیشتنەکەی بەڕێوە نەبرد. وریشە مورادی لەلایەن هەمان لقی دادگا و بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبوڵقاسم سەلەواتی، بە تۆمەتی «بەغی» یان سەرهەڵدانی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو؛ بەڵام لقی نۆیەمی دیوانی باڵای وڵات بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و جێبەجێنەکردنی ڕێوشوێنە یاسایییەکان، سزاکەی هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوە گەڕاندەوە بۆ دادگای شۆڕش.