ڕێکخراوی نێتبڵاکس بۆ چاودێریی ئینتەرنێت ڕایگەیاند، پچڕانی گشتگیری هێڵەکانی پەیوەندی لە ئێران (تا کاتژمێر هەشتی بەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی تاران) ١٨٠ کاتژمێری تێپەڕاندووە و ئەمەش درێژترین ماوەی پچڕانە کە تا ئێستا تۆمار کرابێت، تەنانەت لە بڕانی ساڵی ٢٠١٩ش زیاترە.
نێتبڵاکس هۆشداری دەدات کە لە ساڵی ٢٠١٩دا تەنیا دوای چاکبوونەوەی هێڵەکان، قەبارەی ئەو "سەرکوتە دڕندانەیە" ئاشکرا بوو کە ڕوویدابوو.
لە شەوی ١٨ی بەفرانبارەوە، هاوکات لەگەڵ خۆپێشاندانی بەرفراوان لە شارە جیاوازەکان، کۆماری ئیسلامی ئینتەرنێتی بەتەواوی پچڕاندووە.
ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بە سەرکوتێکی خوێناوی و کوژرانی هەزاران کەس لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار، لەکاتێکدا بەهۆی بڕانی پەیوەندییەکانەوە زانیارییە وردەکان هێشتا بە شاراوەیی ماونەتەوە.