هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری پیرانشار، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دوو هاووڵاتی و بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری نیشان بدەن، ناوبراوانیان دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەکان بە هێرشکردنە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی «محەممەد دانشما»، ناوبراویان قۆڵبەست کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، هەر لەو ڕۆژەدا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر گوندی «پەسوێ» و هاووڵاتییەکی دیکەیان بە ناوی «لوقمان سەیدە» دەستبەسەر کردووە.
بەپێی گێڕانەوەی سەرچاوە خۆجێییەکان، دەستبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە بە شێوەیەکی کتوپڕ و بەبێ هیچ فەرمانێکی دادوەری ئەنجام دراوە. هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێزە حکوومەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە، نەخستووەتە ڕوو و چارەنووسیان ناڕوونە.