شاری کرماشان هەڵکەوتوو لە نیوەی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان کە نیزیک یەک میلیۆن نەفەر حەشیمەتە، گەورەترین شاری کوردزمانی رۆژهەڵاتی کوردستانە. کرماشانی کەڵهوڕنشین، لە دوای شۆڕشی ۱۹۷٨ی ئێران لە زۆربەی شار و ئاواییەکانی دەوروبەرییەوە رووی تێدەکەن کە زۆربەیان سەر بە گرووپە جۆربەجۆرەکانی کەڵهوڕی، سەنجاوی، زەنگەنەیی، کەڵهوڕی - کولیایی، زۆڵە، جمور، هەورامی، جافی، ئەردەڵانی و لەکی و تورکەکانی سونقوڕ و گەنگاوەرن. بەچەشنێک کە حەشیمەتی ئێستای ئەو گەورەشارە لە چاو پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا، بۆتە نێزیک لە چوار هێندەی ئەوکات و نێوەی حەشیمەتی هەر هەمووی پارێزگاکە لەوێ دەژین.
ئەگەرچی لە قوناخە جۆربەجۆرەکاندا کرماشان چەندین جار بە دژی دەسەڵاتی ناوەندیی راپەڕیوە بەڵام ناوەندی ئەوە شارە بە هۆی گرنگی پێگەی ستراتیژییەکەی، لە لایان دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی سەفەوی، ئەفشار، زەندییە، قاجار – بزوتنەوەی مەشروتە و بە تایبەتی لە دەیەکانی رابوردووشدا، بەرەو ناوەند رایانکێشاوە و هەوڵی ئەوە هەبوو مەیلەو ناوەندیان بکەن. تا رادەیەکی باش لەو تواندنەوەیەدا سەرکەوتوو بوون. چەشنێک کە رەنگبێ تەنیا لە دەرسیم بینرابێ. کرماشان لە چاو شارە گرینگەکانی دیکەی وەک مهاباد و سنە کە ناوەندی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سیاسی کوردی بوون، پرسی شوناس و ناسنامەی کوردی بە رەنگو بۆنی سیاسییەوە، تا ئەو ساڵانەی دواییش، کەمتر بەرچاو بووە. شوناسی لۆکالی، ناوچەیی، ئایینی و نەبوونی بزوتنەوەیەکی دیار شوناسخوازانەی رێکخراو هۆکارن بۆ دواکەوتنی بابەتی شوناسی سیاسی کوردی لە کرماشان.
راستییەکی حاشاهەڵنەگر ئەوەیە کە یەکێك لەو گۆراوانەی کە ڕۆڵێکی گرینگی لە سەر ئاراستەی شوناسی تاک لە ناوچە کوردزمانەکانی-شیعە مەزهەب هەیە، ئایینە. لەم ڕووەوە کاریگەری چەند سەدە سروشتی شیعە لە شوناسی ئێراندا نابێ فەرامۆش بکرێ، بەچەشنێک کە لێکەوتەکانی شوناسی نەتەوەیی ئێران لە کوردانی شیعەدا زیاترە. ئەوە هۆکارێکی گرینگە بەڵام هەمووی نییە.
بابەتێکی دیکە رۆڵی بەشێکی بەرچاو لە نوخبە و رۆشەبیرانی کوردی کرماشانه، وەک فاکتەرێکی گرینگە بۆ دروستکردنی بزاڤ و جوڵەکانی شوناسخوازانە. ئەو بابەتە واتا نوخبەکانی کرماشان، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، تەواو لە خزمەتی پێکهاتەکانی شوناسی نەتەوەیی ئێرانی دابوون. میرزای کەڵهووڕ، سەنجانی، یاسمی، لاهووتی و چەندین کەسی دیکە لە چاو سەید ساڵە و سەید یەعقووبی مایەشتی شوێن پەنجەیان کاریگەرتر و بەشێک لەو ئێلێتە کوردانەی بەرەو ناوەند بوون.
کوردانی لەک نیزیک یەک لە سەر چواری ژمارەی دانیشتوانی نێو شاری کرماشان پێک دێنن. ئەسپێرانی زۆربەی کارو ئەرکە سەربازی و ئەمنییەکان بۆ ئەو پێکهاتەیە، وروژاندنی پرسی جیاوازی زمانی لەک لە کوردی و دنەدان بە جیاوازی پێکهاتەیی لە نێوان لەک و پێکهاتەکانی دیکەوە، بە تایبەتی لە دوای هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی خاتەمی بەولاوە هۆکارێکی گرینگی دیکەیە کە نابێ پشت گوێ بخرێ.
مژارێکی دیکە ناهاوسەنگی زۆر لە نێوان ژمارەی قوربانیانی شەڕ لە دوای شۆڕشی ئێرانە. بەراوەردی ژمارەی کوژراوانی دوو لایەنی کۆماری ئیسلامی و حیزبی دێموکراتی کوردستان، بۆ نموونە، جیاوازییەکی بەرچاومان دەخاتە بەر دەست. ژمارەی شەهیدانی حیزبی دێموکرات، خەڵکی شاری کرماشان، ناگاتە دە کەس. لە بەرامبەردا ٦ هەزار کەس لە خەڵکی نێو شاری کرماشان لە ئاماری کۆماری ئیسلامیدا بە شەهید ئەژمار کراون. جا چ ئەوانەی لە دەرگیریدا کوژراون یان بە هۆی تۆپبارانەوە گیانیان لە دەست داوە. ئەو ناهاوسەنگییە، لانی کەم تا وەخۆ هاتنەوەی بەرەی نوێ، بۆتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە ناسینەوەی سیاسی-سەمبۆلیکی لەگەڵ ناوەند لە نێو کوردانی کرماشاندا، کە شوناسی ئێرانی لە سەرووی شوناسی سیاسی کوردیەوە بێ.
دیسان بە پێی ئامار و دوایین سەفەری زیارەتکاران لە ناوەندی شاری کرماشان بۆ کەربەلا و نەجەف نیزیک بە بیست هەزار نێونوسیان کردوە. ئەوەی دووجاری ئەو چەندین ساڵە بکەن کە خەڵک دەرفەتی ئەو سەفەر کردنەیان هەبووە.
بزووتنەوەی کوردی دەرفەتی زۆری لە بەر دەست بوو بەو بۆشاییە رابگە، بەڵام چڕ بوونەوەی خەباتی کوردی لە جوگرافیای کوردی سوننی مەزهەب و ئەسپاردنی ئەو بابەتە بۆ دوا رۆژ، یان بە زاناییەوە یان لە نەزانیانەوە، کرماشان بگیەنێتە ئەو ئاستە. ئەوە خۆی لە خۆی دا رەنگبێ وەک خاڵێکی ئەرێنیش ببیندرێ کاتێک کە بەرەی نوێ دێتوو، لەو ساڵانەی دواییدا، خۆێ ئاگایانە پێناسە دەکاتەوە و هەوڵی ئەوە دەدە ببیندرێ. لێرەدایە بابەتی زمان و کلتوور دەبێتە مژارێکی سیاسی. مەرجیش نییە ئایدۆلۆژیکی و سەربەخۆییخوازانە بێ، بەڵکوو زیاتر شوناس و بەراوەردکارییە، کاتێک خۆی دەگەڵ هاوزمانەکانی لە سنە و مهاباد و هەولێر و سلێمانی بەراورد دەکە.
بەو گریمانەوە کە کرماشان گەیشتۆتە ئەو ئاستە لە تێگەیشتنی شوناسی سیاسی( نەتەوەیی – کوردی)، گەر بێتوو هەر رەوت و لایەنێکی سیاسی کوردی بتوانێ لە هەڵبژاردن و کێبەرکێیەکی سیاسی ئازاددا برەوەی ناوەندی شار بێ، هەر جوڵە و بڕیاردانێکی سیاسی دواتر بەرئەنجامی ئەوە سەرکەوتنه دەبێو دەکەونە ژێر سێبەری برەوەی ئەو کێبەرکێیە. کەوابوو برەوەی کرماشان بروەی گشت رۆژهەڵاتە.
ئەوەی گرنگ و جێی بایەخە ئەوەیە کە لە ئەگەری گۆڕانی هەل و مەرجەکان لە بەرژەوەندی کورد لە ئێران و پاشەکشەی دەسەڵات لە ناوچە کوردییەکان، سنە، مهاباد و کامێران لە چاو کرماشان دەبێ وەک نەبوو ببیندرێن. کرماشان کلیکی دەروازەی ناوچە لەکییەکانی پارێزگاکانی لوڕستان و هەمەدانە، ئەسەداباد و ئیلامە و بەگشتی چەقی سەرکەوتنی رۆژهەڵاتی کوردستانە. دواجار پێویستە کرماشان وەک پێتەختی رۆژهەڵاتی کوردستان نیوی بێندرێ.