لقی ۲۸ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر «عەمووزاد»، سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەر نەعیم لەشکەری، هاووڵاتیی تەمەن ۲۵ ساڵی خەڵکی بیجاردا سەپاند.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی وڵات» سزاکەی بەسەردا دراوە. نەعیم لەشکەری لە ڕێکەوتی ۱۳ی بەفرانباری ۱۴۰۴، کاتێک بۆ سەفەرێکی چەند ڕۆژە بەرەو شاری تاران بەڕێکەوتبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
ناوبراو دوای دەستبەسەرکردنی، بۆ بەندیخانەی «تارانی گەورە» گوازرایەوە و لەو کاتەوە لەوێ ڕاگیراوە. سەپاندنی ئەم سزایە لەکاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام ڕەخنە لە نەبوونی دادگایییەکی شەفاف و بێلایەن بۆ دەستبەسەرکراوانی سیاسی و مەدەنی لە دادگاکانی ئێران دەگرن.