نیگەرانی لە ئاست ڕاگوێزانی نایاسایی زیندانییانی سیاسیی کورد، سۆران قاسمی و پژمان سوڵتانی بۆ بەندی زیندانییانی تاوانە مەترسیدارەکانی زیندانی ورمێ.
پژمان سوڵتانی و عەلی (سۆران) قاسمی، دوو زیندانیی سیاسیی کوردی زیندانیکراو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، زیاتر لە ٢٧ ڕۆژە بۆ بەندی ٢ی تاوانە گشتییەکانی ئەم زیندانە ڕاگوێزراون و سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربڕین و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان و بەڵێنی بەرپرسانی ئەو زیندانە تا ئێستا بۆ بەندی سیاسی نەگەڕێندراونەتەوە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، بارودۆخی ڕاگیرانی زیندانییەکان لە بەندی تاوانە گشتییەکان زۆر خراپە و گوشارە دەروونییەکان و ئەو سنوورانەی کە بۆیان دانراوە، تێکچوونی باری دەروونی و ڕۆحیی ئەم دوو زیندانییەی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هانا، پێشتر بنەماڵەی ئەم زیندانییانە بە تۆمار کردنی سکاڵا و سەردانکردنی دامەرزاوە دادوەریەکان، داوای کۆتایی هێنان بە ڕاگوێزانی ئەوان بۆ بەندە ناپەیوەندیدارەکان بە تۆمەتە سیاسییەکانیان کردبوو بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەر لەو بارەوە نەگیراوەتەبەر