بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی تەمەن ٥٧ ساڵ بە ناوی «وەزیر ڕەحیمی» لە سنووری «شووشمێ»ی سەر بە ناوچەی نەوسوود، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست دا.
بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە کراوەتە ئامانجی گولـلەی ئەو هێزانە و دەستبەجێ بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە شوێنی ڕووداوەکەدا گیانی سپاردووە. وەزیر ڕەحیمی، خەڵکی گوندی «مەنسوورئاغایی»ی سەر بە شارۆچکەی شاهۆی شاری ڕوانسەر بووە و خێزاندار بووە. ناوبراو بەهۆی بێکاری و دۆخی خراپی ئابوورییەوە، لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا ناچار ببوو لە شاری سنووریی نەوسوود نیشتەجێ ببێت و لە ڕێگەی کۆڵبەرییەوە بژێوی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی دابین بکات. ڕووداوی کوشتنی ئەم کۆڵبەرە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ئەمساڵدا، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنوورەکان، ژمارەیەک کۆڵبەری دیکەش بوونەتە قوربانی و گوشارەکان بۆ سەر ئەو توێژە هەژارە زیاتر بووە.