سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥، دەیان ئەندامی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات ھاوكات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانی لە شاری کامێران.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان، هێزە ئەمنییەکان دەرگای ماڵەکانیان شکاندووە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم خوشک و برایەیان دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
کەژاڵ و دانیال ڕەحمانی لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستانن. براکەیان جەمال ڕەحمانی کەساڵی ١٣٩٧ لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کوژرا. بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بنەماڵەکەیان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان یان ئاگاداربوونەوە لە شوێنی ئەسپەردەکردنی، چەندەها جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانیان لە شارەکانی کامێران و سنە کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.
هەروەها برایەکی دیکەیشیان، ڕێبین ڕەحمانی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانە.
کەژاڵ ڕەحمانی کە لە نەخۆشخانەی سینای کامێراندا وەکوو پەرستار کاری دەکرد بە هۆی گوشارەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە کار دەر کرا.
دانیال ڕەحمانییش کە خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی کۆمپیتەرە لە زانکۆی ئازادی سنە، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە کامێران ڕووبەڕووی بانگهێشت و لێپرسینەوە بووەتەوە.