هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن ٥٧ ساڵەیان بە ناوی «جەمال ڕۆستەمی» لە گوندی «شایەنی» سەر بە شاری کامیاران دەستبەسەر کرد و چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست کەوتوون، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هەڵکوتانە سەر باخی بنەماڵەیی جەمال ڕۆستەمی، ناوبراویان قۆڵبەست کردووە و بەرەو شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
جەمال ڕۆستەمی لە ئەندامانی چالاکی دامەزراوەیەکی خێرخوازییە لەو ناوچەیە. دەستبەسەرکردنی ناوبراو لە کاتێکدایە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، فشارەکانی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر ئەندامانی ئەم دامەزراوە خێرخوازییە چڕتر بووەتەوە.
بە دەستبەسەرکردنی جەمال ڕۆستەمی، ژمارەی ئەو کەسانەی لەم دەستەیە دەستبەسەر کراون گەیشتووەتە سێ کەس. پێشتر «ئیسماعیل خاتری» و «فوئاد شادی» کە ئەوانیش لە ئەندامانی هەمان دامەزراوەن، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە و نیگەرانییەکان لەبارەی دۆخی تەندروستی و چارەنووسیان لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە لە ئارادایە.