هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
rojhelatnews
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، هاووڵاتییەک بە ناوی "هێمن مەنیجە" کوڕی ئەحمەد، لە شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پیشاندانی هیچ فەرمانێکی دادوەری و بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەم هاووڵاتییە و دوای دەستبەسەرکردنی، بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕای گەیاندووە کە هێمن مەنیجە لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە تا ئێستا، لە بنەڕەتیترین مافەکانی خۆی، لەوانە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پەیوەندیی تەلەفۆنی بێبەش کراوە.
تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەردەستدا نییە و نیگەرانییەکانی بنەماڵەکەی لەمەڕ دۆخی تەندروستی و چارەنووسی کوڕەکەیان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.
4 کاتژمێر و 14 خولهک لهمهوپێش