ئەمیر خالیدیان، هاووڵاتیی خەڵکی قوروە و لە گیراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە کۆی گشتی سزای پێنج ساڵ و شەش مانگ زیندانی تەعزیری و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ میناب بەسەردا سەپێنرا.
ئەمیر خالیدیان، تەمەن ٣٥ ساڵ و دانیشتووی شاری قوروە، لە دوو دۆسیەی جیاوازدا لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای زیندان و دوورخستنەوەی بۆ دەرکراوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی قوروە بە سەرۆکایەتیی دادوەر محەممەدحوسێن بێگدلو، ئەم هاووڵاتییەی بە چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانی تەعزیری سزا داوە.
هەروەها لقی دادگای تاوانەکانی قوروە بە سەرۆکایەتیی دادوەر هادی خانی، ناوبراوی لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری میناب لە پارێزگای هورمزگان سزای داوە.
ئەمیر خالیدیان لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا گیرا و بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، کاتی گرتنەکەیدا بە توندی ئەشکەنجە و ئازار دراوە. ناوبراو پێشتریش لە ڕەوتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژینا»دا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە گیرابوو و مێژووی لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدانی لە ماوەی دەستبەسەریدا هەیە.