رۆژی چوارشەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوو هەڵمەتی جیادا لە شارەکانی دیواندەرە و شنۆ، دوو هاووڵاتییان بە ناوەکانی «دونیا وەیسی» و «ئەحمەد حاجیپوور» بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دیواندەرە، پاش چەند جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنی، ئەمڕۆ لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی «دونیا وەیسی»، تەمەن ٣٠ ساڵ، بە شێوەیەکی توندوتیژ ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
تا ساتەوەختی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی ناوبراو و هۆکاری دەستبەسەرکردنی لە بەر دەستدا نییە.
لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا لە شاری شنۆ، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر «ئەحمەد حاجیپوور» و ناوبراویان بە توندوتیژیی سەخت و لێدان دەستبەسەر کردووە. شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو لە کاتی گرتنەکەدا کەوتووەتە بەر لێدانی توندی ئەو هێزانە و پاشان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە. سەرەڕای بەدواداچوونی کەسوکاری ئەم دوو هاووڵاتییە، تا ئێستا دەزگا ئەمنییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر هۆکاری گرتن، تۆمەتە ئاراستەکراوەکان و شوێنی ڕاگرتنیان نەداوەتە بنەماڵەکانیان.
ئەم کردەوانەش نیگەرانیی بەرفراوانی لە ناو خەڵکی ناوچەکەدا دروست کردووە و دیسانەوە پرسی بەکارهێنانی توندوتیژی لە کاتی دەستبەسەرکردن لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بووەتەوە جێگەی باس.