وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕێبەندان، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ١٤ نەوتكێش و ١٥ دامەزراوە و ٢ کەسی پەیوەست بە تۆڕی بازرگانیی نایاساییی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان و پترۆکیمیاییی کۆماری ئیسلامیی سزا داوە.
ئەم گەمارۆیانە بەشێکن لە هەڵمەتی بەردەوامی زۆرترین گوشاری ئابووری لەدژی ڕێژیمی ئێران بە ئامانجی بڕینی ئەو هێڵە ژیانییە داراییانەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییە وێرانکەرەکانی ناوچەیی و پشتیوانی لە گرووپە بە وەکالەتە تیرۆریستەكان و پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی و سەرکوتکردنی دڕندانە خەڵكی ئێران كەڵكی لێ وەردەگرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەكەدا باس لەوە دەكات كە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەبری ئەوەی سەرمایەگوزاری لە خۆشگوزەرانیی خەڵک و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانەكانی بکاتەوە، داهاتی فرۆشتنی نایاساییی نەوت و پترۆکیمیایی بۆ دابینکردنی بودجەی چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکان لە سەرانسەری جیهان و چڕکردنەوەی سەرکوتی ناوخۆیی بەكاردەهێنێت.
ئەمە لە كاتێكدایە کە کۆماری ئیسلامی توانیویەتی بەشێک لە کورتهێنانی بودجە و خەرجییە ئەمنیەتی- سەربازییەکانی لە چەند مانگی ڕابردوودا بە زیادکردنی بەرچاوی هەناردەکردنی نەوت بۆ چین قەرەبوو بکاتەوە؛ داهاتێک کە ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سپای تیرۆریستی پاسداران و دامەزراوە ئەمنیەتی-ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە.