شەوی ڕابردوو، ڕێکەوتی ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٣، لە شاری کرماشان تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان ژمارەیەک چەکداری نەناسراو و هێزەکانی ڕێژیم ڕوویدا، کە لە ئەنجامدا ئەفسەرێکی پلەداری هێزە ئەمنییەکان کوژرا.
ەپێی زانیارییەکان، ئەو هێزانەی ڕێژیم کە لەژێر ناوی «گەشت لێدان» لە شەقامەکانی شاردا بڵاو ببوونەوە و بووبوونە هۆی دروستکردنی کەشێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ بۆ هاووڵاتییان، کەوتنە بەر پەلاماری چەکداری. چەکدارە نەناسراوەکان بە تەقەیەکی چڕ و لەناکاو وەڵامی ئەو هێزانەیان دایەوە و دواتر بە سەلامەتی لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتن. سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندووە کە لەم تێکهەڵچوونەدا، ئەفسەرێکی دیاری هێزە سەرکوتکەرەکان بە ناوی «سەرگورد موحسین چێهری» کوژراوە. تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی ئەم پەلامارەی لە ئەستۆ نەگرتووە و دەسەڵاتدارانی ناوچەکەش هێشتا ڕوونکردنەوەی فەرمییان لەمبارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچەیەدا خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.