رۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر هاووڵاتییان، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەک لە شاری بۆکان و دەستبەسەریان کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتووە، ئەو هاووڵاتییە ناوی «کەریم سەعیدی»یە، تەمەنی ٥٥ ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی «میراوێ»ی شاری بۆکانە. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ پیشاندانی هیچ فەرمانێکی دادوەری، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و پاش پشکنینی ماڵەکەی، دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی کەریم سەعیدی لەبەر دەستدا نییە. بنەماڵەکەی ناوبراو سەرەڕای بەدواداچوون، تا ئێستا نەیانتوانیوە زانیارییەکی ڕوون لەسەر چارەنووسیان دەست بکەوێت.