ڕۆژی سێشەممە، ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی «عەلی مەشهووری»، خەڵکی گوندی «کەندەسوورە»ی سەر بە شاری بانە، لە سنووری ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار کرا.
بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو لە نزیک بنکەی سنووریی «بروێشکان»، بێ ئەوەی هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەی بۆ بکرێت، کەوتووەتە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی هەنگی سنووریی جێگیر لەو ناوچەیە.
لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا، عەلی مەشهووری لە هەردوو قاچییەوە بە سەختی پێکراوە. پاش ڕووداوەکە، ناوبراو بۆ وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەی «سەلاحەدینی ئەیووبی» لە شاری بانە کراوە و لە ئێستادا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
شایانی باسە، سنوورەکانی کوردستان بە بەردەوامی شاهیدی کردەوەی لەو شێوەیەن بەرامبەر بە کۆڵبەران؛ ئەوانەی بەهۆی نەبوونی هەلی کار و دۆخی خراپی بژێوی ژیانەوە ڕوویان لەو پیشە مەترسیدارە کردووە و بێ هیچ پاساوێکی یاسایی دەبنە ئامانجی گوللەی هێزە سەربازییەکان.