ڕەشید حوسامی، مامۆستای پەروەردە خەڵکی قوڕوە، پاش هەڵکوتانی هێزە حکومییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لەو شارە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی بیستوسێی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، ڕەشید حوسامی، مامۆستای پەروەردە، لە کاتی هەڵکوتانی هێزە حکومییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە شارۆچکەی «بەعسەت»ی قوڕوە، دەستبەسەر کرا.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە حکومییەکان بەبێ هەبوونی فەرمانی دادگا و بە بەکارهێنانی توندوتیژی، دەستیان بە دەستبەسەرکردنی ئەم مامۆستایە کردووە. هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنەکەیشی، ماڵەکەی لەلایەن ئەو هێزانەوە پشکنراوە. پاش گواستنەوەی ئەم هاووڵاتییە، هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی، تا ئێستا بێئەنجام بووە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئاراستەکراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی ڕەشید حوسامی لەبەردەستدا نییە.