بە تێپەڕبوونی نۆ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «تەنگیسەر»ی سەر بە شاری سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، هێشتا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر بارودۆخ و چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، ئەو هاووڵاتییە کوردە کە ناوی «دانیال محەممەدی» و تەمەنی ٢٧ ساڵە، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سنەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە ڕاگەیاندووە: «لە ماوەی ئەو نۆ ڕۆژەی بەسەر دەستبەسەرکردنی دانیال محەممەدیدا تێپەڕیوە، ناوبراو تەنیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و تێیدا هەواڵی دەستبەسەرکرانی خۆی پێ ڕاگەیاندوون.»
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ناوبراو، هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی و شوێنی ڕاگرتنی دانیال محەممەدی، بە بنەماڵەکەی نەدراوە.
ناڕوونیی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە نیگەرانیی بنەماڵەکەی سەبارەت بە سەلامەتیی گیانی و دۆخی تەندروستیی ناوبراوی زیاتر کردوو.