مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەروەی پێشووی ئەمریکا لە وتارێکدا لە فۆکس نیوز، بە ئاماژەدان بە قەیرانەکانی ناوخۆی ئێران و لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی، جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا زۆر لاواز بووە و ئیدارەی ترامپ دەبێ بە زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیم و پشتیوانی لە خەڵکی ئێران کارئاسانی بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بکات.
لەم وتارەدا مایک پۆمپیۆ بە ئاماژەدان بە هەوڵەكانی دۆناڵد ترەمپ و ئیسرائیل بۆ لاوازکردنی هێزی بە وەکالەتی کۆماری ئیسلامی و شەڕی ١٢ ڕۆژە نووسیویەتی: کۆماری ئیسلامی ئیتر ئەو دەسەڵاتە ناوچەییەی پێشوو نییە و ئێستا لە هەموو بەرەیەکدا ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە . ژێرخانی نیزامیی ئێران زۆر لاواز بووە و بەرنامە ئەتۆمییەكەی زیانێكی زۆری بەركەوتووە. تۆڕی هێزە بەوەكالەتەكانیشی لە سەراسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریكی لەنێوچوونن.
ناوبراو زیادی کرد: بارودۆخی ناوخۆ تاریکە، بە هۆی خراپ بەڕێوەبردنی درێژخایەنی ئابووری، گەندەڵی، و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی، ئابووری لە پشێویدایە و وڵات ڕووبەڕووی کەمیی ئاو بووەتەوە، “دەسەڵات کە شەرعیەتی جەماوەری نەماوە و توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵکی نییە، تەنیا ڕێگەیەك بۆ مانەوەی حوكمڕانییەكەی لە ڕێگای ترسە.
مایک پۆمپیۆ هەروەها گوتی: گەلی ئێران لە شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکانی ڕاپەڕینەکاندا زۆر بە ڕوونی نیشانیان داوە. "ئەوان نە حكوومەتی دینی و نە پاشایەتییان ناوێت، کۆمارێکی ئازاد و دیموکرت و وڵامدەریان دەوێت."